بەتاوین.. مۆڵگەی سەدان مافیا و چەتە و بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر

زووم:

ناوچەیەکی ناوەندی بەغدادی پایتەختە، بەدرێژایی 21 ساڵی رابردوو و دوای کەوتنی رژێمی پێشوو، ناوبانگێکی خراپی لە کاری مافیایی و چەتەگەریی و کوشتن و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە هەیە.

بەتاوین.. مۆڵگەی سەدان مافیا و چەتە و بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر.

ئەم ناوچەیە، هەرچەند ناوجەرگەی بەغدادی پایتەختە، بەڵام ژمارەیەک لە کۆڵانە کۆنەکانی تاکوتەرا نەبێت، کەسی تێدا ناژی، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ببێتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی مافیا و چەتە و لەیاسادەرچووان.

هەفتەی رابردوو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رەسافەی بەغداد، تەنها لە یەک رۆژدا 206 داواکراوی لە بەتاوین دەستگیرکرد، کە بە مادەی جیاوازی یاسایی داواکرابوون، دوو رۆژ دوای ئەو ئۆپراسیۆنە، ژمارەکە گەیشتە 321 کەس.

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەو هەڵمەتەدا چەندین پارچە چەک و تاقیگەی کیمیایی بۆ دروستکردنی مادەی هۆشبەر و کارگەی بچووک دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێکی دیکەدا دۆزینەوەی چەندین کەلوپەل و پارە و ئۆتۆمبێلی پارچەپارچەکراو و پارچەی ئۆتۆمبێلی گەورە و کەلوپەل و سامانی دزراوی هاووڵاتیانی لە ناوچەی بەتاوین راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو ئۆپەراسیۆنە لەلایەن تیمێکی تایبەتی ئۆپراسیۆنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە بەتاوین ئەنجامدراوە، دەشڵێن، سەرجەم ئەو سامان و کەلوپەلانەی هاووڵاتیانیش کە دۆزراونەتەوە، بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە.

وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هەر هاووڵاتییەک دەکات ماڵ و سامان و کەلوپەلی لە بەتاوین لێ دزراوە، سەردانی بنکەی پۆلیسی سەعدون بکات و بەڵگەی پێویستی خاوەنداریی بۆ بنکەکە بهێنێت، تا بتوانن بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button