کەمیی چەک و جبەخانە بووەتە هۆی خاوبوونەوەی هێرشەکانی ئۆکراین

زووم:

کەمبوونەوەی گولـلە هاوەن لەناو یەکەکانی سوپای ئۆکرایندا، هەڵمەتی یەکەکانی سوپای بۆسەر هێزەکانی روسیا خاوکردووەتەوە و هێرشەکانیان راگرتووە، ئەوەش بە گوێرەى رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی.

هەر بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامە ئەمریکییەکە، کەمبوونەوەی جبەخانەکانی سوپای ئۆکراین ترسی لای سەربازەکانی ئەو وڵاتە زیادکردووە لەوەی نەتوانن درێژە بە هێرشی پێچەوانەی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بدەن، هەروەها هاتنی سەرمای سەختی زستان و کەمبوونەوەی هاوکارییەکانی وڵاتانی رۆژئاواش، دۆخەکەکەی بۆ کییەڤ قورستر کردووە.

بەشێک لەو سەربازانەی لە ناوچەی باشوری رۆژهەڵاتی زاپۆریژیا لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگن بە رۆژنامەکەیان گوتووە، بۆ هەر ئامانجێک چەند گولـلە هاوەنێکی دیاریکراویان پێدەدرێت، بۆ نمونە، ئەگەر ئامانجەکەیان شوێنێک بێت کە هاوەنی لێوە دەتەقێنرێت، تەنها پێنج بۆ حەوت گوللـە هاوەنیان پێدەدرێت تاوەکو ئامانجەکە تێکبشکێنن. سەرەڕای ئەوەش سەربازەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە زۆر ماندوون، لە کاتێکدا شەڕی وڵاتەکە خەریکە لە دوو ساڵ نزیکدەبێتەوە.

ئەوان جەختدەکەنەوە کە سەرەڕای ئەوەی ورەیان بەرزە، بەڵام بەبێ هەبوونی چەک و پێداویستی سەربازیی ناتوانن شەڕەکە ببەنەوە، و دەڵێن، هەموولایەک دەرکیان بەوەکردووە کە بەبێ چەک چیتر ناتوانن بەردەوام بن.

هەر گولـلە هاوەن نییە کە کەمە، بەڵکو ئەو سەربازانەی کە بەپرسن لە تەقاندنی تۆپ ئاماژەیان بەوەکردووە لە پێشدا لە رۆژێکدا 50 گوللـە تۆپیان بەدەست گەیشتووە، تەنانەت هەندێک جار گەیشتووەتە 90 گولـە تۆپ، بەڵام لە ئێستادا ئەو ژمارەیە بۆ 10 بۆ 20 گولـلە لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە.

سەربازەکان دەشڵێن ئەگەر دۆخەکە نەگۆڕێت، ئەوا ناتوانن بەردەوامبن و بەسەر روسیادا سەربکەون، بەشێوەیەک سوپای روسیا پاشەکشەیان پێدەکەن.

هەفتەی رابردوو ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند کە وڵاتەکەی رووبەڕووی کەمیی چەک بووەتەوە، هەرچەندە ئاماژەی بە ورە و بەهێزی سەربازانی وڵاتەکەی کرد. سەرەتای ئەم مانگەش هەر بۆ ئەم مەبەستە سەردانی واشنتنی کرد و داوایکرد ئەندامانی کۆنگرێس رەزامەندی بدەن لەسەر ئەوە 60 ملیار دۆلارەی بایدن بۆی دابینکردوون، بەڵام کۆمارییەکان سوورن لەسەر رێگریی لەو هاوکارییە.

هاوکات چەند رۆژێک دواتر ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رێگریکرد لەوەی 55 ملیار دۆلاری دیکەی هاوکاریی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئۆکراین رەوانە بکرێت

هەواڵی زیاتر

Back to top button