هەزاران خۆپیشاندەر لە تەلئەبیب داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆیان کرد

  زووم:

شەوی رابردوو جارێکی دیکە هەزاران خۆپیشاندەر و کەسوکاری بارمتەکانی لای حەماس لە تەلئەبیب خۆپیشاندانیان دژی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران ئەنجام درا، گۆڕەپانی کاپلانیان لە پایەخت داخست، لە چەند شارێکی دیکەش تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بوو.

خۆپیشاندەرانی تەلئەبیب چوونە بەردەم وەزارەتی بەرگریی و بە گوتنەوەی دروشم دژی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ شەقامەکەیان داخست، ئەوان داویان کرد ناتانیاهۆ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس رێکبکەوێت بۆ ئازادکردنی دیل و بارمتەکان، بەشێکی دیکە لە خۆپیشاندەران لەبەردەم ماڵی سەرۆکوەزیران نارەزاییان بەرامبەر حکومەت دەربری و داوای دەستلەکار کێشانەوە و هەڵبژاردنی پیشوەختەیان کرد.

تێکهەڵپرژان لەگەڵ پۆلیس روویدا و چوار خۆپیشاندەر دەستگیرکران، لە چەند ناوچەیەک هێز بەکارهێنرا بۆ بڵاوەپێکردنیان.
خانەوادە و کەسوکاری بارمتەکان هاواریان لە ناتانیاهۆ دەکرد و دەڵێن، دەبێت بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی بخاتە دەرەوەی ژووری ئەنجوومەنی جەنگ و بڕیاری دروست بدات.
دەشڵێن، “ناتانیاهۆ پشتگوێمان دەخات و گوێمان لێناگرێت، گەورەترین بەڵگەش، گوتارە ڕۆژنامەوانییەکەیەتی کە هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانمان.”

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا، ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، وازهێنان لە ئۆپراسیۆنی سەر رەفەح دۆڕانی ئیسرائیلە و ئەگەر رێکەوتنی ئازادکردنی بارمتەکانیش بکرێت، لە جێبەجێکردنی پلانی ئەو ئۆپراسیۆنە ناوەستن .”
کەسوکاری بارمتەکان داوایان لە سەرۆکی سەندیکای کرێکارانیش کرد مانگرتن رابگەیەنن و ئابووری ئیفلیج بکات، تا رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەکرێت.

گال هێرش، ڕێکخەری ئیسرائیل بۆ کاروباری زیندانیان و بێسەروشوێنبووان بە تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی راگەیاندووە، داواکارییەکانی حەماس سەبارەت بە گرێبەستی بارمتەکان “وەهمێکە و دەبێت نزیک بێت لە واقیع.”
گوتیشی سوپا ئامادەیە باجێکی زۆر بدات بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان، بەڵام ئەوەش مانای کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس ناگەیەنێت.

هاوکات ئەو دوو بارمتە ئیسرائیلییەی هەفتەی رابردوو لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە لە دەستی حەماس رزگارکران، داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ دەکەن شاندی دانووستانکار بنێرێت بۆ قاهیرە بۆ ئەوەی هەرچی زووە لەگەڵ حەماس بگەنە رێککەوتن و بارمتەکانی دیکەش ئازاد بکرێن.

گوتیشیان، زۆر ئەستەمە لە ئۆپراسیۆنی سەربازیدا سەرجەم بارمتەکان رزگاربکرێن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button