زووم…
ئێران یەکێکە لە گەورەترین بەکارهێنەرانی کەرەستەی جوانکاری، لە پلەی حەوتەمی جیهاندایە و تەمەنی بەکارهێنانیشی لەنێو کچاندا گەیشتووەتە 14 ساڵ.
بەهۆی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کەرەستەی جوانکارییەوە، زۆربەی بەرهەمەکانی نێو بازاڕی ئێران ساختەن و کوالیتییان نزمە یان هیی وڵاتی چینن. کەرەستەی جوانکاریی قاچاخ لە فرۆشگاکان و تەنانەت لەتەنیشت شەقامیش بەبێ هیچ چاودێری و مۆڵەتێک دەفرۆشرێن.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، ژنانی ئێرانی ساڵانە زیاتر لە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار لە کەرەستەی جوانکاریدا خەرج دەکەن، لەکاتێکدا خەرجی ساڵانەی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ مادەکانی جوانکاری دوو ملیار و حەوتسەد ملیۆن دۆلارە. بە واتایەکی دیکە، ئێرانییەکان بەنزیکەیی هێندەی 17 وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مادەی جوانکاری بەکاردەهێنن.
موسا ئەحمەدزادە، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران رەخنە لە قەدەغەکردنی هاوردەی کەرەستەی جوانکاری دەگرێت و دەڵێت، هاوردەکردنی کەرەستەی جوانکاری قەدەغەکراوە و هەموو ئەو کاڵایانەی دێنە نێو ئێرانەوە لە سەرچاوەی نافەرمییەوە هاوردە دەکرێن و زۆربەشیان ساختە و ناڕەسەنن .
ئەحمەدزادە ئاماژە بەوەش دەکات، دوایین ئاماری بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخیی کاڵا و دراو، نیشانی دەدات قاچاخیی کەرەستەی جوانکاری گەیشتووەتە دوو ملیار دۆلار.
قەدەغەکردنی هاوردە و نەبوونی چاودێریی یاسایی لەکاتێکدایە، بە گوتەی داوەر کازمی، پسپۆڕی بواری جوانکاری، نزیکەی 300 جۆر نەخۆشی بەهۆی بەکارهێنانی مادەی جوانکاریی ناستانداردەوە دروست دەبن، باوترینیان هەوکردنی پێست، زیپکە، لەباربردنی منداڵ، نەخۆشییەکانی جگەر و شێرپەنجەن