هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەرەو کۆتایی دەچن

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 


شەرقولئەوسەت

مقاومەى ئیسلامى لە عێراق چەک و تەقەمەنى دەنێرێت بۆ لایەنگرەکانى لە ئوردن

ئەبوعەلی عەسکەرى بەرپرسی ئەمنى بەرەى مقاومەى ئیسلامى لە عێراق لە هەژمارى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتى تێلیگرام رایگەیاندووە، بەرەى مقاومە لە بەرنامەیدایە ١٢ هەزار کەس لە ئوردن چەکداربکات، بە چەکى جۆراوجۆر هەزاران تۆن لە تەقەمەنى و تەنانەت پێدانى موشەکى مامناوەند، بەرپرسێکى ئەمنى ئوردنیش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ئەو لێدوانانە تەنها خۆ دەرخستنە و دوورە لە راستییەوە.

 

 

 

سەباح

هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەرەو تەواوبوون دەچن

جومانە غەلاى گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، حەوتى نیسان تیروپشک بۆ ژمارەى ئەو هێز و هاوپەیمانیانە ئەنجام دەدەن کە ناوى خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کردووە. بەگوتەى غەلاى ژمارەکان لە ١٠١ـەوە دەستپێدەکات، لە لایەکى دیکەشەوە ئەحمەد مازن بەرپرسی راگەیاندنى نوسینگەى هەولێرى کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە مانگى حوزەیراندا بەرەو تەواوبوون دەچن.


دەستوور

کۆتا وادەى داخستنى کەمپى ئاوارەکان لە عێراق راگەیەنرا

خالید مەحجوب، بەڕێوەبەرى لقى کۆچ و کۆچبەرانى پارێزگاى سەڵاحەدین رایگەیاند رۆژى ٣٠ تەمووزی ئەمساڵ کۆتا وادەیە بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان و کەمپەکان بە تەواوى دادەخرێن، هەر خێزانێکی ئاوارەش پێش ئەو ماوەیە بگەڕێتەوە هاوکاریی مادى دەکرێت و ئۆتۆمبێلى بێبەرامبەریشى بۆدابیندەکرێت، بەرپرسەکەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران ئاماژەى بەوەش کردووە کە لە کەمپی کەلار ٨٠ خێزان ماون و لە کەمپى ئاشتی عەربەتیش ١٨٥٠ خێزان نەگەڕاونەتەوە.

 

 

 

عەرەبی جەدید

تاران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و ئەمریکاش بە تاوانبارى سەرەکى دادەنێت

عەلی شەمخانى، ئەمینداری پێشووى ئەنجومەنى پاراستنى ئاسایشى نیشتمانى ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل نوێنەرایەتى سیاسەتکانى ئەمریکا دەکات لەناوچەکەدا، دەبێت ئیسرائیل باجی ئەو هێرشە بدات کە کردوویەتییە سەر کۆنسوڵخانەکەمان لە دیمەشق و ئەمریکاش بە بەرپرسی راستەوخۆی ئەو هێرشە دەزانین، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماریش گوتویەتى، هێرشەکە بێوەڵام نامێنێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە دەڵێت، بەرپرسیارێتییەکە دەخەنە ئەستۆی واشنتن.

 

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

 

دەیلی مەیل

لە پەلامارێکی ئیسرائیلییەکاندا سێ جەنگاوەری دێرینی بەریتانی کوژران

سوناک حەپەساوە لەوەی کاروانێکی گەیاندنی کۆمەکی بەریتانی بۆ فەلەستینییەکان بە درۆن هێرشی کراوەتەسەر

بە هێرشێکی درۆنیی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کاروانێکی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە کەرتی غەزە حەوت کەس کوژران، سیان لەو کوژراوانە کارمەندی پێشووی سوپای بەریتانیا بوون کە لەکاتی کوژرانیاندا کاری خێرخوازییان ئەنجام دەدا.
جەیمس هەندەرسن، جۆن چاپمان، لە هێزی دەریایی پادشایی بوون و جەیمس کیربی سەربازێکی خانەنشین بوو، کاروانی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانیان لەنێو کەرتی غەزەدا بە ئامانج گیرا و کوژران. پەلامارەکەی سەرئەوان لەسەر ئاستی دنیا سەرکۆنە کرا. ئەم سێ کەسە ئەندامی دەستەی پارێزگاریکردن بوون لە تیمی چێشتخانەی مەرکەزیی جیهانی. لە کۆگای چێشتخانەکەوە خواردنیان دەگواستەوە بۆ دابەشکردنی بەسەر خەڵکانی برسیکراوی کەرتی غەزەدا و بەرکەوتن.

 

 

دەیلی تەلەگراف

لەپاش ئەنجامدانی ئەو پەلامارەوە، کە بەریتانییەکانی کوشت، سەرەکوەزیران داوای روونکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات

ریشی سوناک بە بنیامین نەتانیاهۆی گوتووە کوژرانی سێ هاوڵاتییە بەریتانییەکە لەنێو ئیسرائیلدا تووشی شۆکى کردووە و گوتویەتی رەوشی ئێستای غەزە لەوەدا نەماوە بەرگەی بگیردرێت.
لە پاش کوشتنی سێ کارمەندە بەریتانییەکەوە سوناک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نەتانیاهۆدا کردووە و داوای لێکردووە لێکۆڵینەوەیەکی ئازاد و شەفاف لەبارەی روداوی کوشتنەکەیانەوە بکرێت. جەیمس هەندەرسنی تەمەن ٣٣ ساڵ و جۆن چاپمانی تەمەن ٥٧ ساڵ سەربازی پێشووی هێزی دەریایی پادشایی بەریتانی بوون، هەروەها جەیمس کیربی سەربازی خانەنشین بووە، لە سوپادا وەک کارمەندی نیشانشكێن کاری کردووە، لە کاتی گەیاندنی خۆراکدا بە خەڵکی برسیکراوی غەزە بە درۆن تەقەیان لێکرا و کوژران.

 

 

 

ئۆرشەلیم پۆست

کوشتنی زاهیدی لێدانی سەری مارەکەیە

ساڵی 2018 نەفتالی بێنێت وەزیری پەروەردەی ئیسرائیلی لە کۆنفرانسێکدا گووتی، ئێرانییەکان خۆیان حەزیان لە مردن نییە، بەڵام زۆر بەلایانەوە ئاسانە خەڵکانی تر بنێرن بمرن.
لەوکاتەدا، کە ئێمە لە شەڕکردنی میلیشیا و کرێگرتەکانی ئەواندا خوێنمان لێدەچۆڕێت، سەری مارەکانی ئەوان بۆ خۆیان لەنێو کورسی و قەنەفەکانیاندا حەساونەتەوە و سەیردەکەن. راپۆرتە ئیسرائیلییەکان و هیی دەرەوەش دەڵێن ئەوەی کە لە دیمەشق روویدا پانکردنەوەی سەری مارەکە بووە. کە جەنەراڵ موحەمەد رەزا زاهیدیی سەرکردەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیان لە دیمەشق کوشت.

 

 

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

دەنگدان لەسەر قەدەغەکردنی مافی لەباربردن ویلایەتی فلۆریدای هێناوەتەوە بەر باسوخواس

رۆژی دووشەممە دادگای باڵای فلۆریدا رایگەیاند لەوانەیە ئەو یاسایە چالاک بکەن، کە لەپاش هەفتەی شەشەمی سکپڕبوونی خانمانەوە رێگە بە لەباربردنی کۆرپەلە نەدەن. کەچی دەزگای دادوەریی ویلایەتەکەش ئەوەی بۆ خەڵک روونکردەوە، کە چوۆن بتوانن لە دەنگدانەکەی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا دەنگ بە فراوانکردنەوەی مافی لەباربردن بدەن. ئەم بڕیارەی دادگا جارێکی دیکە ئەو مشتومڕەی گەرمکردەوە کە لە فلۆریدادا لەبارەی مافی لەباربردنی کۆرپەوە هەن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا ئەم بابەتە قسەوباسی زیاتر بوروژێنێت.

 رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

 

سۆزجو

خەڵک لە وان هاتنەسەر شەقام

دەم پارتى لە هەڵبژاردنى ٣١ى ئازار، گەورەشارەوانی وان و تەواوى ١٤ شارەوانی ناوچەیی وانى بردەوە.
عەبدوڵا زەیدان ساڵى رابردوو لە زیندان ئازادکرا و بەبڕیارى دادگە رێگریی ئەوەشی لەسەر لابرا خۆى کاندید بکات. بەڵام لە دوا ساتدا دەستەى باڵاى هەڵبژاردن لە تورکیا رایگەیاند، زەیدان مافى خۆکاندیدکردنى نییە، لەپاش دو رۆژ بەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن و سەرکەوتنى زەیدان بەسەر کاندیدی ئاک پارتى و سەرەڕای بەدەستهێنانى سەدا ٥٥ ى دەنگەکان، دەستەى باڵاى هەڵبژاردن بەڵگەنامەى دەستبەکاربونى دایە کاندیدی ئاک پارتى کە رێژەى سەدا ٢٧ ی دەنگەکانى بەدەستهێنابوو. بەو هۆکارەوە لایەنگرانى دەم پارتى لە وان و سێ پارێزگاى دیکە وەک ناڕەزاییەک هاتنەسەر شەقام.

 

 

جمهورییەت

خەرجی پاسەوانەکانى ئەردۆغان زیادیکردووە

ئەو بودجەیەی بۆ پاسەوان و پارێزگاری رەجەب تەیب ئەردۆغان تەرخان کراوە تادێت روو لە زیادبون دەکات. خەرجی رۆژێکى پاسەوانەکانى ٧.٤ ملیۆن لیرەى تورکییە. کە دەکاتە زیاتر لە ٢٣ هەزار دۆلاری ئەمریکی. ئەم بڕە دەکاتە مووچەی ٤٣٨ کەس لەو وڵاتە.
ئۆپۆزسیۆن پرسیارى هۆکارى ئەو تێچووە زۆرەى ئاڕاستەی لایەنى پەیوەندیدار کردووە، وەڵامەکەیان ئەوەیە کە بەهۆکارى ئاسایش ئەو خەرجییە زۆرە بۆ سەرۆکى تورکیا هەیە.

 

 

 

بیرگون

یادى جەژنى کرێکاران لە تەقسیم دەکرێتەوە

ئەرزو چەرکەزئۆغڵو، سەرۆکى کۆمەڵەى سەندیکاکانى کرێکاران لە تورکیا رایگەیاند: لە رۆژى یەکى ئایار، یادى جەژنى کرێکاران لە مەیدانى تەقسیم لە ئیستەنبوڵ دەکەینەوە. بۆ ئەو مەبەستەش گوڵێکى سپى لە یەخەی خۆمان دەدەین و رێپێوانى ئاشتی ئەنجام دەدەین.
ئەو گوتیشی، بە بەشدارى چینى کرێکاران ئەو یادە بەرز رادەگرین هیوادارین هیچ بەربەستێمان بۆ دروست نەکەن.

 

 

قەرار

کۆمپانیاکانى راپرسی سەرکەوتوو بوون

بۆ هەڵبژاردنى 31ی ئازار، ئەو کۆمپانیا راپرسییانەى پێش هەڵبژاردنەکە ئەنجامەکانیان راگەیاندبوو، بەشێوەیەکى گشتیى سەرکەوتووبون لە راپرسییەکانیان. بەوەى پێشبینییەکانیان لەگەڵ ئەنجامى هەڵبژاردنەکە یەکی گرتەوە. بەتایبەتی راپرسییەکان لەسەر ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر.
ئەمەش وایکرد لەمەودوا متمانەى کۆمپانیاکانى راپرسی بۆ هەمومان جێگەى بایەخ بێت.

 

 

 

 رۆژنامه فارسییەکان

 

 

 

جەوان

ئیسرائیل لە خاکی ئێراندا خۆى دەکوژێت

لە رۆژنامەکەدا هاتووە باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق بەشێکە لە خاکی وڵاتەکەمان و هەر هێرشێک بە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئێران دادەنرێت.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەمە راگەیاندنی شەڕی نەتانیاهۆیە دژی ئێران بە ئاشکرا، هەربۆیە مافی وڵاتەکەمان بۆ وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و راستەوخۆ بۆ ئەم کارە لە رووی یاسا و داب و نەریتی نێودەوڵەتییەوە پارێزراوە، ئێران بە باشی فێری شەڕ بووە و چالاکییەکانی لە دژی دوژمنان گواستووەتەوە بۆ گروپەکانی دیکەی ناوچەکە.

 

 

ئەبرار

لە نەورۆزدا 769 کەس لە ئێران بە رووداوى هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە

تەیمور حوسێنی، بەرپرسی پۆلیسی رێگاوبانی ئێران رایگەیاند، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەستکەوتوون، لە ماوەی رۆژانی نەورۆزدا 769کەس گیانیان لەدەستداوە، کە بۆ هەر رۆژێک دەکاتە 50کەس.
ئەو دەڵێت، لەو کاتەوە تائێستا زیاتر لە 20هەزار و 14کەس لە نەورۆزدا بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بریندار بوون، کە دەکاتە رۆژانە زیاتر لە هەزار کەس.

 

 

 

کار و کرێکار

39%ـى بێکارانی ئێران بڕواناکەى زانکۆیان هەیە

بەگوێرەی ئاماری خانەی کرێکاران لە ساڵی رابردوودا پشکی بێکارانی دەرچووی خوێندنی باڵا لەسەدا 39ی کۆی بێکارانی ئێران بووە و گۆڕانکارییەکانی ئەم پێوەرە دەریدەخات کە لە ماوەی ساڵێکدا رێژەی بێکاریی خوێندەواران نزیکەی 18٪ زیادی کردووە.
ئەم پشکە لە نێو ژناندا زیاترە لە پیاوان و هەروەها لە ناوچە شارییەکانیش زیاترە بەراورد بە ناوچە گوندنشینەکان.

 

 

 

جمهوری ئیسلامی

لە تاران هەشت شوێنی شەحنکردنەوەى ئۆتۆمبێلی کارەبایی دادەنرێت

بەڕێوەبەری پەرەپێدان و گواستنەوەی کارەبای ئێران رایگەیاند لە تاران هەشت شوێنی شەحنکردنەوەى ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروست دەکەن، کە دەتوانێت نزیکەی 80 هەزار ئۆتۆمبێل شەحن بکاتەوە و پلانیان هەیە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ژمارەی وێستگەکانیش پەرە پێبدەن و زیادیشی کردووە، کە نرخی کارەبای ئۆتۆمبێل هەمان نرخی کارەبای ماڵەکان دەبێت کە یەکێک لە هەرزانترینەکانی ئاستی جیهانە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button