بەرگریی شارستانی دهۆک: بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ١٦٠ دوکان و ٢٠ کۆگا سووتاون

زووم…

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی میللیی چەلێی دهۆک کەوتەوە و بەرگریی شارستانی دەڵێت، نزیکەی ١٦٠ دوکان و ٢٠ کۆگا سووتاون.

ئاگرەکە زەرەوزیانێکى زۆری مادی لێکەوتووەتەوە  و بە گوتەی خاوەندوکانەکان، بەگشتی هەر یەکەیان لەنێوان ٣ بۆ ٣٠ دەفتەر دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژى بەرگریی شارستانیی دهۆک لەبارەی ئاگری بازاڕەکەوە بە زوومى  گوت، لە دەوروبەرى کاتژمێر ٤:٠٠ـی بەیانی ئاگادارکرانەوە لە کەوتنەوەی ئاگر لە چەند دوکانێکى جلوبەرگ و قوماش.

٣٠ تیمى بەرگریى شارستانى لە هەوڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکەدا بوون، سەرئەنجام پاش سێ کاتژمێر ئاگرە کۆنتڕۆڵکرا.

هەندێک لە دوکاندارەکان باسیان لەوە کردووە ئاگرەکە بەهۆى شۆرتێکی کارەباوە بووە.

بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، بەهۆی ئاگرەکەوە، نزیکەی ١٠ کەس تووشی هەناسەتوندی بوون.

ئەگەرچی زەرەروزیانێکى زۆر بەر دوکانە سووتاوەکان کەوتوون، بەڵام توانراویشە ژمارەیەکى زۆر دوکانی بازاڕەکە لە سووتان بپارێزرێن.

سەبارەت بەو زیانانەى بەر هاووڵاتیان کەوتووە ،هەندێکیان بە زوومیان گوت، تەواوى ئەو شتانەى لەم بازاڕەدا هەبوون، تازە بوون و بۆ جەژن هێنابوویان تا بە هاووڵاتیانی بیفرۆشن.

یەکێک لەو هاووڵاتیانەى لە بازاڕى چەلێى دهۆک زیانى بەرکەوتووە دەڵێت، دوکانەکەی بایی ٢٣ دەفتەر دۆلار ئێکسسوارات و کەلوپەلى تێدابووە و هەمووی سووتاوە و هیچى بۆ دەرنەچووە.

هاووڵاتییەکى دیکەی خاوەن دوکانی مۆبیلیات ئاماژە بەوەدەکات، خاوەنى سێ دوکانە و هیچ شتێکى بۆ دەرنەچووە، ١٧ دەفتەر دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

یەکێکى دیکە لە خاوەن دوکانەکان دەڵێت، ئەوان ئیشى جوملەى پێڵاو و جلیان کردووە و زیاتر لە ٣٠ دەفتەر دۆلار زەرەریان کردووە.

خاوەن دوکانێکى دیکە، گلەیى لەوە دەکات تیمەکانى بەرگریى شارستانى تەنها دوو ئۆتۆمبێلى ئاگرکوژینەوەیان پێ بووە، بۆیە زەرەروزیانێکى زۆریان پێکەوتووە.

زوومی دهۆک لەوبارەیەوە رایگەیاند، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکەدا بوون، بەڵام بەهۆی بەرتەسکیی کۆڵانەکانی بازاڕەکەوە، نەیاندەتوانى بگەنە شوێنی ئاگرەکە.

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button