دۆزەخەکەى 12ی ئەیلول دەکرێتە مۆزەخانە

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لەسەردانەکەی یەکشەممەى رابردووییدا بۆ ئامەد، پڕۆژەیەکی راگەیاند کە 10 ساڵە لە باکوری کوردستان قسەوباسى لەبارەوە دەکرێت، ئەویش “زیندانى ئامەد”ە.

پڕۆژەى گۆڕینى زیندانەکە بۆ شوێنێکى کلتورى کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و بۆ ئەو مەبەستە زیندانیانی نێو زیندانەکە، بۆ زیندانەکانی دیکەی ئامەد گواستراونەتەوە، زیندانەکەش رادەستی وەزارەتی رۆشنبیریی تورکیا دەکرێت.

مێژوو و رووداوەکانی زیندانی ئامەد

نیو سەدە لەمەوبەر، بەدیاریکراوى لە ساڵی 1972 دا دەست بە دروستکردنی زیندانەکە کراوە کە زیندانێکی سەربازیی بووە، ساڵی 1980 هاوکات لەگەڵ کودەتای 12ی ئەیلولی ئەوساڵەدا بە فەرمى کراوەتەوە و زیندانى تێکراوە.

زیندانەکە دەکەوێتە ناوچەی کایاپناری شاری ئامەدی باکوری کوردستان، کودەتاچییەکان زیندانەکەیان وەکو مەترسیدارترین ناوەندی کوشتن و ئەشکەنجەدانى نەیارەکانیان بەکارهێناوە.

ساڵی 1980 تاوەکو 1989 بە هەزاران کەس تێیدا کوژران و ئەشکەنجەدران، لاى خەڵکی تورکیا و باکورى کوردستان وەکو دۆزەخەکەی 12ی ئەیلول ناوبانگی دەکردووە، کە هاوشێوەی زیندانەکانی گوانتانامۆ و ئەبوغرێب، یەکێک بووە لە ترسناکترین زیندانەکان لە جیهاندا، بە تایبەتی بۆ هاوڵاتیانى کورد.

سەربارى ئەوانە وەکو یەکێک لە 10 زیندانە هەرە مەترسیدارەکانى مێژوو ناوی دەهێنرێت کە بەڕێوەبەرەکەى ئەفسەرێکی تورک بووە بە ناوی ئەسەد ئۆکتای.

ژمارەیەک لە دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1982دا لە زیندانەکەدا ئەشکەنجەدران و چالاکی خۆکوشتنیان ئەنجامداوە، چەندین فیلم و کتێب و گۆرانی لەبارەی زیندانەکەوە بەرهەمهێنراون کە زۆربەیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە قەدەغەکراون.

رەوتی ئیسلامی لە تورکیاش خۆیان بە قوربانی کودەتاکەی 12ی ئەیلول دەبینن، هەر بۆیە حکومەتی داد و گەشەپێدان چەندین ساڵە باس لەوە دەکەن کە زیندانی ئامەد دەکەنە مۆزەخانە.

هەرچەندە هەنگاوەکانی پرۆژەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تێبینی لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەیە، خەڵکى باکوری کوردستان بە شێوەیەکی ئەرێنی لە پرۆژەکە دەڕوانن، بەڵام پێیانوایە کە پێویستە مۆزەخانەکە بە شێوەیەک دیزاین بکرێت کە ئاماژەبێت بۆ ئەو زوڵم و ئەشکەنجەیەی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو تێیدا کراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button