جووڵەکانی سودانی ئاماژەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و مالیکیش هەوڵی وەستاندنی دەدات

 زووم:

ماوەیەکە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جوڵە و دەرکەوتنەکانی لە شەقام و لە نێو خەڵک و جەماوەر زیاتر بووە، ئەمە دەنگوباسەکانی لە بارەی پڕۆژە سیاسییەکەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو گەرمترکردووە.

رۆژێک دەچێتە نێو پرۆژەکان و لەگەڵ کرێکار و بەرپرس و سەرپەرشتیارانی کۆدەبێتەوە، رۆژێک دەچێتە کارگەی ئاسن، ئێوارەیەک خوانی بەربانگ لەگەڵ خوێندکارانی کۆلێژی سەربازی دەکاتەوە، ئێوارەیەکی دیکەش لەگەڵ کارگوزارانی شارەوانی.

ئەم دەرکەوتن و نمایشانەی سودانی، هاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی روخساری پرۆژە و هاوپەیمانێتیە سیاسییەکەی.

هەرچەندە تائێستا سودانی هیچ باسێکی لە خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو نەکردووە کە نزیکەی 18 مانگی ماوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، لە هەڵبژاردنی داهاتوو لە لیستێکدا بەشداری دەبێت، کە سودانی سەرۆکایەتی دەکات.

بەڵام ئەوەی زیاتر ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی سودانی، هەنگاوەکانی نوری مالیکییە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن.

مالیکی دەیەوێت یاساکە بەشێوەیەک هەموار بکاتەوە، بەرپرسانی حکومەت شەش مانگ پێش خۆکاندیدکردن، لە پۆستەکانیان دوور بکەونەوە، بۆئەوەی پرۆژەکانی حکومەت وەکو بانگەشە و دەستکەوت بەکارنەهێنن.

ئەم هەنگاوە وەکو بەربەستێک بۆ خۆکاندیدکردنی سودانی تەماشای دەکرێت، لەبەرئەوەی سودانی پۆستەکەی تاکە رێگەیە بتوانێت لە رێگەیەوە جەماوەر و دەنگدەدری عێراق لە خۆی کۆبکاتەوە.

بەتایبەتی کە لە ماوەی سەرۆکایەتی حکومەت، زۆرترین پرۆژەی تەواونەکراوی حکومەتی خستووەتەوە سەرپێ.
بە گوێرەی گوتەیەکی سودانی، کە بۆ کرێکار و ئەندازیارانی یەکێک لە بەرزەپردەکانی بەغداد قسەی دەکرد، حکومەتەکەی تائێستا 490 پرۆژەی لەکارکەوتوو لە ماوەیەکی پێوانەییدا خستووەتەوە سەرپێ و سەرقاڵی تەواوکردنی تەواوی ئەو پرۆژانەن.

جگە لە هەوڵە حکومییەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەری، سودانی لە هەوڵە سیاسییەکانیشی بەردەوامە، بەگوێرەی راپۆرتی میدیا عێراق و دەرەکییەکان، تائێستا نزیکەی 50 ئەندامی پەرلەمان ئامادەییان نیشانداوە بەشداری لە هاوپەیمانێتییەکەی سودانی بکەن، لە نێویاندا پەرلەمانتاری سونەش هەیە.

بەوهۆیەوە نوری مالیکی و بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ترسی ئەوەیان هەیە هاوپەیمانێتییەکەی سودانی دەنگی دەنگدرانیان بۆ خۆی رابکێشێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زۆرینە کۆبکاتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button