کەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟

زووم..

ئاژانسى بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمى کوردستان، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە، وەزیرى نەوتى عێراقیش جەخت دەکاتەوە، دەیانەوێت بەزوویی هەناردەى نەوتى هەرێم دەستپێکاتەوە.

ئاژانسى بلومبێرگ ئەمڕۆ هەینى لە راپۆرتێک باسى لە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم کردووە و ئەوەى راگەیاندووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ئەو تێچووەی بە 21 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داناوە، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق تەنیا 8 دۆلارە.

هەروەها بڵاویشیکردووەتەوە، بۆ ئەوەى خواستەکەى سەرۆک وەزیران جێبەجێبکرێت و کێشەى تێچووى وەبەرهێنان چارەسەربکرێت، ئەوە پێویستە یاساى بودجەى گشتى هەمواربکرێتەوە.

لەو بارەوە حەیان عەبدولغەنى وەزیری نەوتی عێراق بۆ بلومبێرگ رایگەیاندووە، هەوڵدەدەین چارەسەری پرسی تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت خێراتر بکەین و لە زووترین کاتدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەینەوە.

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، پێداچوونەوە و هەموارکردنەوە بەو گرێبەستانە دەکەین لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا واژووکراون.

لە 25ـى سێى ساڵى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان راگیراوە، ئەوەش دواى ئەوەى دادگاى نێوبژیوانى پاریس سکاڵایەکى عێراقى لە دژى تورکیا لە بەرژەوەندى بەغداد یەکلاکردەوە، کە سکاڵاکە تایبەت بوو بە رێگەدانى ئەنقەرە بە هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لە خاکى وڵاتەکەى بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد.

وەزیری نەوتی عێراق لەبارەى کاتى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم ئەوەشى راگەیاندووە، دەخوازین هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێبکەنەوە بەمەبەستی  بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ تورکیا.

پێش راگیران، رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمى کوردستانەوە بەخاکى تورکیا دەبرایە بەندەرى جەیهان و لەوێشەوە ئاراستەى بازاڕەکانى جیهان دەکرا، کە داهاتى رۆژانەشى نزیکەى یەک ملیار دۆلار بوو.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button