پێچەوانەی سزاکان، ئێران بەرهەمهێنانی نەوت بەرزتردەکاتەوە

زووم..

 

ئێران، پێچەوانەی تەوژمی سزا سەپێنراوەکان، سەرقاڵی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە.

لەو نێوەندە، حکومەتی ئێران زنجیرەیەک گرێبەستی بە بەهای 13 ملیار دۆلار واژۆکردووە و دەیەوێت بەرهەمی رۆژانەی نەوت بە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا بەرهەمی ئێستای نەوتی ئێران نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا.

گرێبەستەکان پەرەپێدانی شەش کێڵگەی نەوتی لە باشوور و باشووری خۆرئاوای ئێران لەخۆدەگرێت، ئەمە لەکاتێکدا چەند ساڵێکە ئەمریکا سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە و توانای فرۆشتنی نەوتی سنووردار کردووە.

گرێبەستە نەوتییەکان هاوکات بوون لەگەڵ یادی 73 ساڵەی خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران، جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی وڵاتەکە لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکان، لە تارانەوە رایگەیاند، ئەو بەرنامەیەی دایانناوە، 15 ملیار دۆلار داهاتی ساڵانەی نەوتی ئێران زیاددەکات.

وەزیرەکە گرێبەستەکانی بە “گەورەترین” لەماوەی دە ساڵی رابردوو ناوبرد.

ئێران ئەندامی رێکخراوی “ئۆپیک”ــە، بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی ئەمریکی بۆ وزە، خاوەنی سێهەم گەورەترین یەدەگی نەوت و دووەم یەدەگی گازە لە جیهان.

بەهۆی سزاکانەوە، ساڵی 2020، بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ئێران بۆ نزمترین ئاستی ماوەی 30 ساڵی رابردوو دابەزی، کۆمپانیا نەوتییەکانیش وڵاتەکەیان بەجێهێشت، بەڵام لە چەند مانگی رابردوو بەرهەمهێنانی نەوت جارێکی دیکە بەرزبووەتەوە، بەتایبەت بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین.

هەواڵی زیاتر

Back to top button