عیراق بەرەو جێبەجێکردنی “سەروەری نەختینەیی” هەنگاودەنێت… واتای چییە؟

زووم:

چەندین ئاڵنگارى رووبەڕووى سیاسەتی نەختینەیی عێراق بووەتەوە، بەتایبەت لە بوونی بازاڕێکی نارێکخراودا، کە ئێستا تۆڕەکانی یاریکردن بە بەهای دۆلار لە بەرامبەر دینار بەڕێوەی دەبەن.

بۆ رووبەڕووبونەوەی “تێکەڵەی نەختینەیی”، کە زیانی زۆری لە ئابووری وڵات داوە، عێراق بەرەو جێبەجێکردنی “سەروەری نەختینەیی” هەنگاودەنێت.

 

جێبەجێکردنی بنەمای سەروەری نەختینەیی بە واتای چی دێت؟

لەو بارەوە، محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەکانی عێراق گوتی: “دیناری عێراقی بۆ ئاڵوگۆڕ و دانانی نرخ و مامەڵە ناوخۆییەکان دەبێتە یەکەم دراو، ئەوەش دواى جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوە”.

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیکردووەتەوە، سەروەری نەختینەیی پێیدەوترێت “ویستفالە”، کە بریتییە لە “دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی دراوەکەی خۆی بکات، بۆ ئەمەش بانکی ناوەندی دەبێتە یەکەم دەسەڵات بۆ دیاریکردنی بڕی دراوەکە و بەهاکەی”.

ناوی “ویستفالە” لە سیستمی “ویستفالیاوە” هاتووە ،کە بریتییە  لە بنەمایەکی یاسای نێودەوڵەتی، کە رێگا بە هەموو وڵاتێک دەدات تەنیا خۆی دەسەڵاتی  بەسەر دراوەکەیدا هەبێت، کە سەروەری “ویستفالە” لەسەر سەربەخۆیی ئیدارەدانی نەختینە و سیستمی بانکی وەستاوە.

 

عێراق بۆچی پێویستی بەو بنەمایە هەیە؟

بەگوتەی محمەمەد ساڵح، عێراق لە ئیستادا پێویستی بەو بنەمایە هەیە، بۆ ئەوەی پەرە بە توانای سیاسەتی نەختینەیی خۆی بدات، بۆ ئەمەش “لە رێگای دەستوەردانی بانکی ناوەندییەوە سیولەی ناوخۆیی رێکدەخاتەوە”.

دووپاتیشیدەکاتەوە، عێراق پشتگیری لە بنەمای  “سەروەری نەختینە” دەکات، بۆ ئەوەی بەهای ئاڵوگۆڕی دراو جێگیر بێت و رێگری لە دابەزینی نەختینە بکات.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق دەستگیرکردنی تۆرێکی راگەیاند، کاریان یاریکردن بووە بە بەهای دۆلارەوە، هەروەها لە مانگی ئابی ڕابردوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی تۆرێکی قاچاخچی بە دراوەوە  راگەیاند، کە “پارەیان کۆدەکردەوە و دواتر دەیاننارد بۆ هەرێمی کوردستان، دواتریش بە قاچاخ دەیانبردە دەرەوە”.

 

پاڵنەرەکانی جێبەجێکردنی بنەمای “سەرەوەری نەختینەیی”

سەلام سەمیسم شارەزای ئابووری عیراقی کۆمەلێک هۆکار و پاڵنەر دیاریدەکات، کە وایکردووە لە عیراق بنەمای سەرەوەری نەختینەیی جێبەجێبکرێت، دووپاتیشیکردەوە، هۆکارەکە پەیوەندی بە بڕیاری سیاسییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پاڵنەر و لایەنی ئابوورییەوە هەیە.

سەلام سەمیسم باسى کۆمەڵێک پاڵنەریشی کرد، کە پێویستە بۆ ئەمە بوونیان هەبێت، لەوانە “بەهێزی ئابووری، سەقامگیری بەهای ئاڵوگۆڕی دراو، بەهێزی دراوی نیشتمانی، ئابورییەک، کە پشت بە بەرهەمهێنان ببەستێت نەک تەنیا پشت بە هاوردە”.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button