ئێران: بە هەناردەی نەوت شکستمان بە گەمارۆکان هێناوە

هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا

زووم:

هەناردەی نەوتی ئێران بەرزدەبێتەوە و دەگاتە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، حکومەتی وڵاتەکەش ئەم هەنگاوە بە “شکستی گەمارۆکان” ناودەبات.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، دەڵێت لە سێ مانگی رابردوودا، وەزارەتی نەوت و غازی ئێران، توانیویەتی رۆژانە دوو ملیۆن و 555 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، لەو بڕەش ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیلی هەناردە کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی مانگی نیسانی رێکخراوی ئۆپیک، هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە رۆژێکدا نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل بووە. کەواتە بە تێپەڕبوونی حەوت مانگ، ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە.

بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 15ی کانونی یەکەم، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، 13 کۆمپانیای گەورەی بواری وزەیان خستووەتە لیستی گەمارۆکانیانەوە، کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، نەوتی ئێرانیان لە بازاڕەکاندا ساغ کردووەتەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا باسی لەوە کردووە، ئەو کۆمپانیایە کە بنکەکانیان لە ئیمارات، هۆنگ کۆنگ، جەزائیر و چینە، دەستیان لە فروشتنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێراندا هەبووە و بەو هۆیەوە دەوڵەتی ئێران بە سەدان ملیۆن دۆلاری قازانج کردووە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button