سەرۆکى ئەرجەنتین بە فەرمى چوونە ناو کۆمەڵەى برێکسى رەتکردەوە

زووم:

خاڤیێر مێلى سەرۆکی ئەرجەنتین سەرکردەکانی وڵاتانی برێکسی ئاگادارکردەوە، کە بوینسئایرێس لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا پەیوەندی بەو گروپەوە ناکات، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بەو بانگەشەی لەهەڵبژاردنى وڵاتەکەیدا دابووى.

خاڤیێر مێلی ئەمڕۆ هەینى، لە نامەیەکدا، کە ئاراستەی سەرۆکی بەرازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا و ئەندامانی دیکەی برێکس (رووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا)ی کردووە، رایگەیاندووە، پەیوەندیکردنى ئەرجەنتین بە گروپی برێکس وەک وڵاتێکی ئەندامی تەواو لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2024 گونجاو نییە.

سەرۆک کۆمارى ئەرجەنتین، کە لە 10ـی کانوونی یەکەم دەستبەکاربووە، جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکەی لە زۆر رووەوە جیاوازە لە سیاسەتی حکومەتی پێشوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم چوارچێوەیەدا پێداچوونەوە بە هەندێک بڕیاردا دەکرێت، کە لەلایەن حکومەتی پێشووەوە دراوە، لەوانە دامەزراندنی دەزگایەکی پەیوەندیدار بە بەشداریکردنی وڵات لە برێکس.

دوایین لوتکەی وڵاتانی برێکس، کە لە ماوەی مانگی ئابدا لە شاری جۆهانسبێرگ بەڕێوەچوو، بانگهێشتنامە بۆ شەش وڵات ئەرجەنتین، ئێران، میسر، ئەسیوپیا، سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی نێردرا، بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو گرووپە بکەن، ئەوەش لە مانگی یەکی ساڵی 2024.

لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا، مێلی رەتکردەوە وڵاتەکەی لە بریکس بەشداربێت،  هەروەها خواستی خۆی بۆ دژایەتیکردنى هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆمۆنیستەکان راگەیاند، چونکە وەک خۆى دەڵێت: ئەوان رێز لە بنەماکانی بازرگانی ئازاد و ئازادی و دیموکراسی ناگرن.

برێکس کۆمەڵەیەکی ئابوورییە لەسەر ئاستی جیهان، دەیانەوێت وەک جەمسەرێکی گەورەی جیهانی خۆیان دەربخەن و کاریگەری ئابووری جیهانیان هەبێت پێکهاتوون لە دەوڵەتەکانی (رووسیا، بەرازیل، هندستان، چین، باشووری ئەفەریقا) لە ساڵى 2006 تا ئێستا حەوت کۆبوونەوەی لوتکەیان بەڕێوە بردووە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button