گرژییەکانى دەریای سوور نرخی نەوتی بەرزکردەوە

▪️زووم..

نرخی نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی نوێی تۆمارکرد و یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە نزیکەی 80 دۆلار.

هۆکاری بەرزبوونەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زنجیرە هێرشانەى حوسییەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی سەر دەریای سوور ئەنجامی دەدەن و ماوەى دوو مانگیشە ئەو هێرش و هەڕەشانە بەردەوامە.

لەئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 79 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. هەروەها بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساسیش بە 73 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، واتە رێژەی لەسەدا یەک نرخەکانیان بەرزبوەتەوە.

لە دوو مانگی رابردوودا و بۆ پشتگیری لە غەزە، حوسییەکان بە درۆن و موشەک چەندین کەشتى بازرگانیی وڵاتانى جیهان و کەشتى سەربازیی ئەمریکییان کردبووە ئامانج لە دەریای سوور، ئەوەش کاریگەری سەرەکی هەبوو لەسەر بەرزکردنەوەى نرخی نەوت.

دەریای سوور و نۆکەندی سوێس لە 15%ی جموجۆڵی بازرگانى جیهان پێکدەهێنێت و بەشێک لەو بازرگانییەش، ناردنى نەوتە بۆ بازاڕەکانى جیهان و نۆکەندەکەش کورتترین ڕێگەى پێکەوە بەستنی ئاسیا و ئەوروپایە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button