ئێران 60 بیری نوێی نەوتی لە کێڵگەیەکی هاوبەش لەگەڵ عێراق لێدەدات

زووم؛

 

وەزارەتی نەوتی ئێران لێدانی 60 بیری نوێی نەوتییان لە کێڵگەی نەوتیی ئازادگان راگەیاند کە بیرێکی نەوتی هاوبەشە لەگەڵ عێراق و لای عێراقییەکان بە کێڵگەی نەوتی فەکە ناسراوە، موحسین خوجەستەمیهر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران رایگەیاند، لە پاش هەڵکەندنی ئەو بیرانەوە توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکە بۆ 120 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبووەتەوە.

بە گوتەی خوجەستەمیهر، ئامادەکاری دەکەن بۆ پەرەپێدانی زیاتر لە کێڵگە هاوبەشەکە لە عێراق و دەیانەوێت رێککەوتنی نوێ ئەنجام بدەن، بەشێوەیەک تاوەکو نەورۆزی داهاتوو کە سەری ساڵی ئێرانییەکانە، پەرە بە دوو کێڵگەی دیکەی هاوبەش بدەن.

کێڵگەکە لە بەری ئێرانەوە دەکەوێتە پارێزگای خوزستان و پێی دەڵێن کێڵگەی ئازادگانی باشوور و ئازادگانی باکوور، لە بەری عێراقیشەوە دەکەوێتە پارێزگای میسانەوە و پێی دەڵێن کێڵگەی فەکەی باشوور و فەکەی باکوور.

بۆ یەکەمجار و لە ساڵی 1979دا ئەم بیرە نەوتییانە نەوتیان لێ دەرهێنرا، ئەو کات ژمارەی بیرەکانی 23 دانە بووە، 50 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە نەوتیان هەبوو، وەزارەتی نەوتی عێارق دەڵێت نزیکەی 1.5 بۆ 2.5 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ لە ئەو بیرانەدا هەیە.

ئێران و عێراق لە جەنگی هەشت ساڵەیاندا شەڕی زۆریان لەسەر ئەم بیرە نەوتە کرد، بەڵام عێراقییەکان بەرگرییان لێکرد و نەیانهێشت ئێران کۆنتڕۆڵی بکات.

لەدوای رووخانی سەدام و لە ڕۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2009دا، هێزێکی ئێرانی هێزە عێراقییەکەی دەرکرد و ئاڵای عێراقیشی داگرت، بەڵام پاش دانوستانی هەردوولا و لە 21ی کانونی دووەمی 2010دا، جارێکیتر ڕێکەوتنی لەسەرکرا و ئاڵای عێراقی تیادا بەرزکرایەوە، تائێستاش بە هاوبەشی کاری تیادا دەکرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button