“تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن مووچەخۆر لە هەژماری من تۆماردەکرێن”

زووم..

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، لە پرۆژەی “هەژماری من” تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر تۆماردەکرێن، چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، رایگەیاند، بانکی ئیسلامیی عێراق دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی بەشداری لە پرۆژەی “هەژماری من” دەکات و حکومەتی هەرێم پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بانکە گەورەکانی دیکەش بەشداری بکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، پرۆژەی “هەژماری من” بەردەوامە لە درێژەدان بە پلانی خۆی بەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری حکومەتی هەرێم تۆمار بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی دەکات هاوبەشی لەگەڵ بانکە بەشداربووەکان بەرفراوانتر بێت، بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت.

فەرمانگەکە ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 240 هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم دروستکراون و زیاتر لە 120 هەزار کارتی بانکی دابەشکراون.

راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەکاتێکدایە، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق و دوا راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق، مووچەی مانگی ئازار و مانگەکانی دواتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکان دەنێردرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button