لە مەرگى ژیناوە بۆ ژەهراویبوونى کچە خوێندکارەکان

هەنگاو: لەماوەى ساڵێکدا 245 ژن لە ئێران دەستگیرکراون

زووم، ئەلمۆنیتەر

“ژن، ژیان، ئازادی” دروشمى دواى مەرگى ژینایە، دروشمێک حەوت مانگە بۆ دۆخى ژنانى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران دەگوترێتەوە.

رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران سێ وەرزى سەختیان بەڕێکرد، کوشتن، برینداربوون و گرتن بوو بە ترسێکى سەرەکیی هاوڵاتیان.

16ى ئەیلول ژینا گیانى لەدەستدا

رۆژى 16ى ئەیلولى 2022 ژینا ئەمینیی، کچە کوردى سەقزیی، دواى دەستگیرکردنى لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لە روداوێکى تەمومژاویدا لە تاران گیانى لەدەستدا.

روداوەکە بووەهۆى تەقینەوەیەکى گەورەى ناڕەزایەتییە پەنگخواردووەکەى هاوڵاتییانى وڵاتەکە. خۆپیشاندان لە سەقزى زێدى ژیانەوە دەستیپێکرد و سەرانسەرى ئێرانى گرتەوە و تاوەکو ئێستاش نابەناو بەردەوامە.

لە رۆژى جیهانیی ژناندا، رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، راپۆرتێکى لەبارەى دۆخى ژنانى رۆژهەڵاتى کوردستان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە دۆخێکى دژواردان.

لەماوەى ساڵێکدا 245 ژن دەستگیرکراون

بەگوێرەى راپۆرتەکە، لە 8ى مارسی 2022 بۆ 8ى مارسی 2023 لە رۆژهەڵاتى کوردستان، 245 ژن دەستگیرکراون، لانى کەم 30 ژنان سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. 25 ژن کوژراون، کە پێنجیان بە پاساوى شەرەف بووە.

ژنانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان، سەربارى توندوتیژییەکانى دواى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکان، زیاتر لە سێ مانگە روبەڕوى پێشهاتێکى دیکە بوونەتەوە، ئەویش ژەهراویبوونى کچە خوێندکارەکانە.

میدیا فەرمییەکانی ئێران، باس لە هەزار و 200 کەیسی ژەهراویبوونى کچان دەکەن، بەڵام چالاکانى ئێران لەوبڕوایەدان ژمارەکە زۆر زیاترە و دەڵێن، بەگوێرەى ئەو ئامارانەى کۆیان کردووەتەوە، تەنها یەکشەممەی رابردوو کەیسی ژەهراویبوون لە زیاتر لە 350 قوتابخانەدا تۆمارکراوە.

پرسی ژەهراویبوونى کچان، یار و نەیار قسەى لەسەر دەکات، بەڵام هێشتا نە هۆکار و نە ئەنجامدەرانى ئاشکرا نەکراون.

بەگوێرەى راپۆرتى میدیا جیهانییەکان، رۆژێک بەر لە 8ى مارس، لە 20 شارى ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دژى ژەهراویکردنى کچە خوێندکارەکان ئەنجامدراوە.

ژنان زیاتر بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و ئەمجارەیان دروشمی “مردن بۆ رژێمی منداڵکوژ”یان دەگوتەوە.

ئەوانەی ژەهرایبوون، بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەکراون و نیشانەی هێڵنجدان و ئیفلیجبوونی کاتییان هەبووە.

رۆژنامەی ئیعتیمادی سەر بە بەرەی چاکسازیی لە ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە کۆی 31 پارێزگاکەی ئێران، لە 25 پارێزگا کەیسی ژە‌هراویبوون تۆمارکراوە.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى دەڵێت، بەئامانجگرتنی کچانی نەوەی نوێی ئێران وەک گومانێک سەیردەکرێت، بەهۆی رۆڵە گەورەکەیان لە خۆپیشاندانەکانی حەوت مانگى رابردوودا.

مەجید میرئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، ژمارەیەک تۆمەتباریان لە پێنج پارێزگا دەستگیرکردووە، بەبێ ئەوەى شوێن و وردەکارییەکەى بخاتەڕوو.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button