بەهۆی بەرزبوونەوەى نرخی بەنزین خەڵک لە سودانى توڕەن

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان


شەرقولئەوسەت

بەهۆی بەرزبوونەوەى نرخی بەنزین خەڵک لە سودانى توڕەن

سەرەڕای رەزامەندی لەسەر دامەزراندنى 800 هەزار فەرمانبەر لە کەرتى حکومیدا و دەستبردن بۆ هەندێک چاکسازیی دیکە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین خەڵک لە حکومەتەکەى سودانى توڕەن و حکومەتیش هۆکارەکەى بۆ کەڵەکەبوونى قەرزە دەرەکییەکانى خۆی دەگێڕێتەوە.
دواى ئەوەى رۆژى سێشەممەى رابوردوو ئەنجوومەنى وەزیرانى عیراق لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا نرخى بەنزینى موحەسەنی لە 650 دینارەوە کردە 850 دینارو نرخى لیترێک بەنزینى سۆپەریشی لە 1000 دینارەوە بەرزکردەوە بۆ هەزار و 250 دینار و بەنزینى نۆرماڵیشی لە 450 دیناردا هێشەوە، نیگەرانى شەقامى لێکەوتووەتەوە.
هەرچەندە بڕیارەکەى حکومەت بەهێشتنەوەى نرخى بەنزینى نۆرماڵ وەک خۆی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کاریگەریی نەکاتە سەر هاووڵاتییانى کاسب و داهات مامناوەند و شۆفێرانى کەرتى گشتى و تەکسییەکان، بەڵام ژمارەیەکى زۆر لە شۆفێران دەڵێن، جۆرو ئۆکتانى بەنزینى نۆرماڵ لە عێراق باش نییە و بەرزکردنەوەى نرخى دوو جۆرەکەى جیکەى بەنزین نیگەرانى کردوون.
هەرچەندە بڕیارەکە لە رۆژى 1ـى ئایاری داهاتوو دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام هاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویانە، بەرزکردنەوەى نرخە حکومییەکان بە بەنزینەوە ناوەستێت و هاکا کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکانى دیکەشیان گران کرد.


سەباح

بۆرى نەوتى کەرکوک – بەسرە دەکەوێتەوە کار
کۆمپانیاى نەوتى باکوور رایگەیاند، تیمە ئەندازیاریی و هونەرییەکانیان سەرکەوتوو بوون لە نۆژەندکردنەوەى بۆری نەوتى کەرکوک – بەسرە دا، دواى ئەوەى بەهۆى هێرشەکانى داعشەوە چەند ساڵێکە لەکار کەوتووە، بەگوێرەى لێدوانى بەرپرسانى کۆمپانیاکە، بە تەواوبوونیشى بەشێکى زۆر لە نەوتى کەرکوک و موسڵ و سەڵاحەدین لە رێگەى ئەو بۆرییانەوە رەوانەى بەندەری فاو و بەشێکى دیکەشى لە رێگەى بۆری نەوتى حەدیسەوە رەوانەى بازاڕەکانى جیهان دەکەن، کۆمپانیاى نەوتى باکوور بڕی ئەو نەوتەى کە لە حەدیسەوە رەوانەدەکرێت بە 300 هەزار بەرمیل نەوت ئەژمارکردووە.
ئەندازیار بورکان حەسەن عەبدوڵا، بەڕیوەبەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوور رایگەیاند، لەنێو بەڕێوەبەرانى کۆمپانیاکەیاندا گفتوگۆی زۆر هەیە لەبارەى ئەوەى نەوتى باکوور لە بەسرەوە رەوانەبکەن یان لە حەدیسەوە؟ لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەری کۆمپانیاى نەوتى باکوور، هیچ ئاماژەیەکى بە بۆری نەوتى کەرکوک – جەیهان نەکردووە، کە تا ماوەیەک پێش لە ئێستا نەوتى کەرکوک و ناوچەکانى هەرێمى کوردستانى گواستووەتەوە و لە ئێستادا بە بڕیارى دادگا راگیراوە.

عەرەب

رۆژانە یەک ملیار ژەمە خۆراک فڕێ دەدرێت
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، رۆژانە یەک ملیار ژەمە خۆراک لە سەرانسەرى جیهاندا فڕیدەدرێت و بەو هۆیەوە ساڵانە ترلیۆنێک دۆلار زیان لە سەرجەم هاووڵاتیان دەکەوێت، ئەوە لە کاتێکدا لە جیهاندا ٨٠٠ ملیۆن کەس بەدەست کێشەى برسێتییەوە دەناڵێنن.
لە راپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، ئەو ژەمە خۆراکەى فڕێدەدرێت دەتوانێت رۆژنە یەک ژەمى ئەو کەسانە پڕبکاتەوە کە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، جگە لەوەش کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر بەرزبوونەوەى پلەى گەرماى زەوى و شێواندن و پیسکردنى ژینگەش، بەجۆرێک کاریگەرییەکەى پێنج هێندەى ئەو کاریگەرییانەیە کە کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى لەسەر ژینگە و بەرزبوونەوەى پلەى گەرما هەیانە.
ریچارد سوانیل، بەڕێوەبەری رێکخراوى راب دەڵێت، ژمارەکە لەوەش زیاترە و زۆریش ترسناکە، بەگوێرەى راپۆرتەکە، 28% ى فڕیدانى خۆراک لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە لایەن چێشتخانەکان، ئۆتێل و ریستۆرانتەکانەوە بووە و 12% شی پەیوەندى بە دووکانى میوەو سەوزە فرۆشەکانەوە بووە و رێژەکەشیان بە 631 ملیۆن تۆن مەزەندە کردووە و 60% ى کارەکەشیان خستووەتە سەر خێزانەکان.
لە کۆتایی راپۆرتەکەى نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوەکراوە ئەگەر کار بۆ کەمکردنەوەى ئەو دیاردەیە نەکرێت کارەساتى گەورەى وێرانکەر روودەدات کە وێڕاى برسێتى زیاتر کێشەى ژینگەیی و بەرزبوونەوەى پلەى گەرماى زەوییە.


دەستوور

عێراق بۆ ماوەى پێنج ساڵ گازی سروشتى ئێران هاوردە دەکات
وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئێرانیدا واژۆکردووە کە بۆ ماوەى پێنج ساڵ غازیان بۆ دابینبکەن و ئەوانیش لە کەرتى کارەبادا بەکارى بهێنن، راشیانگەیاندووە وابڕیارە رۆژانە بڕی 50 ملیۆن مەترى چوار گۆشە هەناردە بکەن.
زیاد عەلی، وەزیری کارەباى عێراق رایگەیاند، ئەو بڕە گازە سروشتییەى رۆژانە لە ئێرانەوە هاوردەى دەکەن کێشەى کارەباى بەغداد و هەندێک لە پارێزگاکانى دیکە چارەسەردەکات.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

گاردیەن

تێڕژانی پێوانەیی ئاوەڕۆکان بۆ ناو رووبار و دەریاکان لە بەریتانیا توڕەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت

کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئاو لە بەریتانیا رووبەڕووی چەندین رەخنە بوونەوە دوای ئەوەی چەند داتایەک ئاشکرایکردووە کە ئاوەڕۆی شارەکانی ئەو وڵاتە بە تێکڕای 3.6 ملیۆن کاتژمێر رژاونەتە نێو دەریاکانەوە لە ساڵی رابردوودا. ئەمەش دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە لە 12 مانگی پێشوودا تۆمارکراوە. هاوکات داتاکان ئەوە نیشان دەدەن کە ساڵی 2023 خراپترین ساڵ بووە لەو وڵاتەدا کە تیایدا پیسبوونی ئاو تۆمارکرابێت.

واشنتن پۆست

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خولانەوەی زەوی دەگۆڕێت و بەهۆیەوە کاتیش دەگۆڕێت

گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە جیهاندا، کاریگەریی تەنها لەسەر ناوچە بەستەڵەکییەکانی گۆی زەویی نییە، بەڵکو خەریکە کاتیش ئاڵۆز دەکات. ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەیە کە توانەوەی بەستەڵەکی جەمسەرەکانی زەوی لەسەر خولانەوەی هەسارەکە دروستی دەکات. ئەم گۆڕانکارییەش بەو شێوازە نییە کە کاتی خولانەوەی زەوی کەمبکاتەوە یان زیادی بکات، بەڵکو بەشێوەیەکە گۆڕانکارییەکە بەدرێژایی کات هەستی پێدەکرێت و هەروەک چۆن نیوسەدە لەمەوبەر بەهۆیەوە دووبارە ماوەی چرکەیان رێکخستووەتەوە.

ئۆرشەلیم پۆست

ناتانیاهۆ وەک پەیامێک بۆ حەماس رێگریی لە شاندی ئیسرائیل دەکات، ئەمریکاش پێی وایە گەیشتنە رێککەوتن هێشتا ئەگەرێکی کراوەیە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەردانی شاندێکی وڵاتەکەی بۆ واشنتن هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا کۆببنەوە. ئەمەش وەک پەیامێک بوو بۆ حەماس دوای ئەوەی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی بڕیارنامەیەکەوە بۆ راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست ڤیتۆی بەکار نەهێنا و بەشداریی لە دەنگدانەکەدا نەکرد. سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییە سیاسییانە هێشتا بەرپرسانی ئەمریکا گەشبینن بەوەی کە دەکرێت لایەنەکان بگەنە رێککەوتن.


عەرەب نیوز

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا حەوت کارمەندی تەندروستیی فریاگوزاریی لوبنان کوژران

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆسەر سەنتەرێکی فریاگوزاریی گروپێکی ئیسلامیی لە باشووری لوبنان حەوت کارمەندی تەندروستی کوژران. هێرشەکەش وەک تۆڵەیەک بوو بۆ ئەو هێرشە مووشەکییانەی کە رۆژی چوارشەممە لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کران و بەهۆیەوە کەسێکی ئیسرائیلی کوژرا.

رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییەت

ئەردۆغان: 40 ساڵە باجی شەڕى پەکەکە دەدەین
رەجەب تەیب ئەدرغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە ئامەد رایگەیاند، تورکیا ماوەى 40 ساڵە باجی شەرى پەکەکە دەدات، ئیتر تورکیا ناتوانێت تاکو 40 ساڵى ئایندە درێژە بەم شەڕە بدات. گوتیشی، دەم پارتى پاشکۆی پەکەکەیە و نوێنەرایەتى گەلى کورد ناکات، ئێمە لەگەڵ هەر لایەنێکى دیکە ئامادەیین دابنیشین بەمەرجێک پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا نەبێت.

قەرار

کاندیدى دەم پارتى بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ: ئەردۆغان خواستى ئاشتى نییە
مەرال بێشتاش، کاندیدى دەم پارتى بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، ئەردۆغان خواستى ئاشتەوایی نییە و ئەوەشی راگەیاندووە کە دەم پارتى نوێنەرایەتى گەلى کورد ناکات، با ئەردۆغان چاوێک لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەى ملیۆنانى نەورۆزی ئامەد بکات و بزانێت کێ نوێنەرایەتى گەلى کورد دەکات.
گوتیشی، ئێمە ئاشتەواییمان کردووەتە دروشمى هەڵبژاردن و ناتوانین تاکوو 2028 چاوەڕێی بکەین.

 

ئەکشام

درۆنی بایرەکتار سەرکەوتنێکى دیکەى تۆمار کرد
فڕۆکەى بێفڕۆکەوانیی بایرەکتار لە جۆرى TB3 سەرکەوتنێکی دیکەی لەسەرئاستى جیهان تۆمارکرد، بەوەى بۆ ماوەى شەش کاتژمێر بەسەر هەورەکاندا بەسەرکەوتوویی فڕیوە.
بەهۆى خواستى کرینى بایرەکتار لەلایەن وڵاتانى دەرەوە، تورکیا بەنیازە تاکو ساڵى 2026 دروستکردنى فڕۆکەى بایرەکتار زیاتر بکات.

 

میللییەت

گەشتیاری ئەمریکی و ژاپۆنی روو لە تورکیا دەکەن
لەمانگى شوباتدا، رێژەى هاتنى گەشتیارى بیانى بۆ تورکیا ژمارەى پێوانەیی شکاند. دوو ملیۆن و 295 هەزار گەشتیارى بیانى هاتوونەتە تورکیا. لەو مانگەشدا رێژەى هاتنى گەشتیارى ئەمریکی و ژاپۆنى زیاتر بووە بە بەراورد بە ساڵانى رابردوو، هاوکات ئەمریکى و ژاپۆنییەکان بە بەراورد لەگەڵ گەشتیارى وڵاتانى دیکە پارەى زیاتر لە تورکیا خەرج دەکەن، ئەمەش هاوکارییەکى باشە بۆ ئابوورى تورکیا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button