حکومەتی ئێران دەیەوێت بە بەرزکردنەوەی غەرامەی هاتوچۆ بودجە دابین بکات

زووم…

 

حکومەتی ئێران بەنیازە بەشێک لە بودجەی ئەمساڵی خۆی بە داهاتی ملیۆنان دۆلار لە غەرامەی هاتوچۆ دابین بکات.

بەرزکردنەوەی داهاتی چاوەڕوانکراو لە سەرپێچیەکانی هاتوچۆ، یەکێک لە بڕگە دیارەکانی دیکەی پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی حکوومەتی ئێرانە.

لە رۆژانی رابردوودا راگەیاندنی ئەوەی کە ناو ئۆتۆمبێل شوێنی تایبەتی تاکەکەسی نییە مشتومڕی لەناو خەڵک دروست کرد و لابردنی حیجاب لەناو ئۆتۆمبێل بووە بە تاوانێک کە غەرامەکەی لە کارتی بانکی و بە بێ رەزامەندی خاوەنەکەی وەردەگیرێت.

بەرپرسی پۆلیسی هاتووچۆی ئێرانیش سەبارەت بە زیادبوونی سەرپێچیەکانی هاتووچۆ رایگەیاند: ئەمساڵ غەرامە بۆ سەرپێچی هاتووچۆ ٥ هێندە بەرز دەکرێتەوە کە بەشێکی لە رێگەی کامێری هاتوچۆ دەبێت.

بە زیادکردنی باج و دەرکردنی غەرامەی هاتوچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ بابەتگەلێکی جیاواز، لەوانەش رەچاونەکردنی حیجاب، حکومەتی ئێران بەنیازە لانی کەم 100 ملیۆن دۆلار وەک غەرامەی هاتوچۆ وەربگرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بودجەی ساڵی رابردوودا بڕی خەمڵێنراو بۆ غەرامەکردنی هاتوچۆ 30 ملیۆن دۆلار بووە.

رێکخراوی نێودەوڵەتی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل ساڵی رابردوو بڵاوی کردەوە، نزیکەی 16 ملیۆن ئۆتۆمبێلی “نەفەرهەڵگر و بازرگانی” لە ئێران چالاکن، کەواتە بەم شێوەیە حکومەتی ئێران پێشبینی دەکات لە هەر ئۆتۆمبێلێک لانیکەم شەش دۆلار غەرامە وەرگرێت.

بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا و ئەو زانیاریانەی لە ناوەندی بەڕێوەبردنی رێگاوبانەکانی وڵاتەوە دەستکەوتوون، تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کامێرا بۆ تۆمارکردنی سەرپێچی و کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی لەسەر میحوەرەکانی گواستنەوە لە سەرتاسەری ئێران دانراون کە نزیکەی %90ی میحوەرەکانی هاتوچۆی سەرتاسەری ئێران دەگرێتەوە کە بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیان زیاد بکرێت.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button