نیویۆرک تایمز: بومەلەرزە هێزی ئەردۆغانی نەهێشتووە

زووم:

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، دەڵێت بومەلەرزەکانی شەشی شوبات بۆچوونی خەڵکی تورکیای بەرامبەر حکومەت گۆڕیوە، “پاش بومەلەرزەکان، چی دیکە ئەردۆغان ئەردۆغانە بەهێزەکەی جاران نییە”.

زیاتر لە 47 هەزار کەس بەهۆی بومەلەرزەکانی شەشی شوباتی ئەمساڵەوە لە تورکیا گیانیان لەدەستدا، ژمارەی بریندارانیش زیاتر بوون لە 100 هەزار کەس، جگەلەوەی نزیکەی 14 ملیۆن کەس بەو هۆیەوە زیانیان بەرکەوت.

لیدیا پۆلگرین رۆژنامەنووسی رۆژنامەی نیویۆرک تایمسی ئەمریکی
لیدیا پۆلگرین رۆژنامەنووس لە نیویۆرک تایمزی ئەمریکی

لیدیا پۆلگرین، رۆژنامەنووس لە نیویۆرک تایمز، لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان “کە تادێت خۆسەپێن دەبێت” هەوڵدەدات، زیانەکانی بومەلەرزە بخاتە ئەستۆی ئەوانی دیکە و دەیەوێت بڵێت کەس خۆی بۆ ئامادەنەکردبوو.

رۆژنامەنووسەکەی نیویۆرک تایمز، دەڵێت “لەگەڵ زۆر کەس قسەم کرد، بەشێکی زۆر کەمیان متمانەیان بەو قسانە هەبوو”.

“عەلی ئاسلان کەسێکی خۆبەخشە و لە سەمسور هاوکاریی زیانلێکەوتووان دەکات، پێیگوتم ئەم کارەساتە سروشتی نەبوو، دەوڵەت هاوڵاتیانی بە تەنیا بەجێهێشت. نەدەبوو هاوڵاتیان بەمشێوەیە گیانیان لەدەست بدەن” بەگوێرەی گێڕانەوەی لیدیا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان
ئەردۆغان لە یەکێک لە سەردانەکانیدا بۆ شوێنی بومەلەرزەکان

راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، دەڵێت “بومەلەرزەکەی تورکیا کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر هەڵوێستی خەڵکی تورکیا بەرامبەر حکومەتی وڵاتەکەیان. بومەلەرزەکە وێنا بەهێزەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی تێکداوە و راستییەکانی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی ئاشکرا کردووە”.

“حکومەتێک کە دەیگوت، هێزی بەسەر هەموو شتێکدا دەشکێت و کاریگەریی زۆری هەیە، لە کارەساتەکەدا لە هیچ شوێنێک نەبینرا و ئەمەش نائومێدیی دروستکردووە، ئەمە جاری یەکەم نییە کە گەلی تورکیا روبەڕوی ئەم راستیە دەبنەوە”.

لیدیا پۆلگرین کەمێک دەگەڕێتەوە دواوە و باسی بومەلەرزەکەی 1999ی ئەستەنبوڵ دەکات، دەڵێت ئەردۆغان دوای ئەو کارەساتە سروشتییە هاتە سەر دەسەڵات، “ئەوکاتیش قوربانییەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا مابوونەوە و درەنگ رزگاکرکران، یاخود هەر رزگار نەکران”.

“پاش بومەلەرزەکە ئاشتەوایی نەتەوەیی دەوڵەتی تورکیا تێکچوو.. کارەساتەکە لەلایەن زۆر کەسەوە وەکو دەرئەنجامی دەسەڵاتی گەندەڵ تەماشا دەکرا، سەرەنجم بووە هۆی شکستی رەوتی ناسیۆنالیستی تورکی”.

رۆژنامەنووسەکەی نیویۆرک تایمز دەیگێڕێتەوە، کە ئەوکات ئەردۆغان سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ بوو، بە دەنگێکی بەرز رەخنەی لە دەسەڵات دەگرت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە جیاتی ئەوەی گیرفانەکانی پڕ بکات، دۆخی ژیانی هاوڵاتیان باش دەکات.

“ئەردۆغان پارتەکەی ‘پارتی داد و گەشەپیدان’ی بەهێز کرد و بە هاوکاری بازرگانە ئیسلامیەکان هاتە سەر دەسەڵات. بەڵام 20 ساڵ تێپەڕبوو، دۆخەکە پێچەوانە بووەوە. ئەگەر لە 80 ساڵی رابردوودا، هەڵبژێردراوەکانی دیکە گەندەڵیەکی زۆریان کردبێت، ئەردۆغان و پارتەکەی توانیویانە بە ئەندازەی ئەو 80 ساڵە لە 20 ساڵدا ئەو گەندەڵیە بکەن”.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button