قاعیدە مردنی سەرکردەیەکی باڵای راگەیاند بەبێ ئاشکراکردنی هۆکارەکەی

زووم:

رێکخراوی قاعیدە مردنی سەرۆکی لقی دوورگەی عەرەبی رێکخراوەکەی بە ناوی خالید بن عومەر باترفی راگەیاند، بەڵام زانیاری لەبارەی هۆکاری مردنەکەی ئاشکرانەکرد.

رێکخراوی قاعیدە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای گیانلەدەستدانی خالید باترفی، سەعد بن عاتف عەولەقی خراوەتە شوێنەکەی و ئەرکی بەرپرسیاری رێکخراوەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

باترفی لە سەرەتاکانی ساڵی 2020ـەوە سەرکردایەتی رێکخراوی قاعیدە لە دورگەی عەرەب دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی فرانس پرێس، خالید بن عومەر باترفی لەدایکبووی ریازی پایتەختی سعودیەیە، لە سەرەتای چلەکانی تەمەنیدا بووە، پێش ئەوەی ببێتە سەرکردەی باڵای قاعیدە، دادوەر بوو و گوتەبێژی فەرمی رێکخراوی قاعیدە بوو لە دورگەی عەرەب.

لە ساڵی 2018ـەوە ئەمریکا ناوی ئەم سەرکردەیەی قاعیدەی خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، لەو کاتەوە پاداشتی پێنج ملیۆن دۆلاری داناوە بۆ هەر کەسێک زانیاری لەبارەیەوە پێبدات.

سەعد بن عاتف عەولەقی، کە خراوەتە شوێنی خالید بن عومەر باترفی، ئەندامی ئەنجومەنی شورای قاعیدەیە و لە لیستی “بەرنامەی پاداشت لەپێناو دادپەروەری” ئەمریکایە و بڕی شەش ملیۆن دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە تەرخان کراوە بۆ هەر کەسێک، کە زانیاری لەبارەیەوە بدات.

چەند زانیارییەک لەبارەی باترفی:

–  باوەڕوایە لە ریازی پایتەختی سعودیە لەدایکبوو بێت و لە چلەکانی تەمەنیدا گیانی لەدەستدابێت

–  ساڵی 1999، باترفی چووەتە ئەفغانستان و لەناو ریزەکانی تاڵیباندا شەڕی ئەمریکای کردووە

–  لە ساڵی 2010دا پەیوەندی بە رێکخراوی قاعیدەوە کردووە و سەرکردایەتی چەکدارانی ئەو رێکخراوەکەی کردووە لە پارێزگای ئابین لە یەمەن.

–  لە شوباتی 2020دا، باترفی بوو بە سەرۆکی لقی قاعیدە لە دوورگەی عەرەبی پاش ئەوەی قاسم ریمی لە بۆردومانێکی درۆنیی ئەمریکادا کوژرا.

–  ریمی بەرپرس بوو لەو هێرشەی کرایە سەر بنکەی سەربازی دەریایی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا لە ساڵی 2019دا و بەهۆیەوە سێ کارمەندی هێزی دەریایی ئەمریکی کوژران.

–  واشنتن لقی دورگەی عەرەبی قاعیدە بە مەترسیدارترین لقەکانی قاعیدە دەزانێت پاش ئەوەی لە ساڵی 2009دا هەوڵیدا فڕۆکەیەک لە ئاسمانی ئەمریکا بتەقێنێتەوە.

–  ئەمریکا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دانابوو بۆ هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر شوێنی باترفی.

–  ئەو لقەی قاعیدە بەرپرسیاری ئەو هێرشەی لەئەستۆگرت، کە کرایە سەر بارەگای رۆژنامەی شارلی ئیبدۆ لە فەڕەنسا، کە بە کاریکاتێر سوکایەتی بە محەمەد پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کردبوو.

هەواڵی زیاتر

Back to top button