ئەمریکا چەند بارەگایەکی حزبوڵای عێراقی بۆردومان کرد

زووم:

کاتێک خوێنی سەربازی تێبکەوێت، دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە، شەوی رابردوو بە فەرمانی راستەوخۆی بایدن، ئەمریکا سێ هێرشی ئاسمانی کردە سەر سێ بنکە و بارەگای کەتائیبی حزبوڵا لە عێراق و تێکیشکاندن.
ئەمریکا چەند جارێک هۆشداری دابووە ئێران کە ئەگەر بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارییە بریکارەکانییەوە خوێن لە سەربازێکی بێت، دەستبەجێ وەڵامی دەداتەوە، چونکە ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکرد کە لە هێرشەکەی دوێنێی سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکییەکان لە هەولێر، سێ سەربازی ئەو وڵاتە برینداربوون.

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەدا بارەگاکانی حزبوڵا تێکشکێنراون و پێدەچێت چەندین چەکداریی میلیشیایی ئەو گرووپە کوژڕابێتن، راشیگەیاندووە کە ‌هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی هاوڵاتیی مەدەنی لە هێرشەکاندا گیانی لەدەستدابێت.
بەگوێرەی هەرسێ راگەیەنراوی کۆشکی سپیی، وەزارەتی بەرگریی و فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، هێرشەکە لە تۆڵەی ئەو هێرشە درۆنییەدا بووە کە دوێنی دووشەممە کرایە سەر هەریر.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، ئەو بارەگایانەی بۆردومانکراون دەکەونە پارێزگاکانی بەغداد، بابل، واستەوە، ئاژانسی فرانس پرێسیش لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە رایگەیاند، لە هێرشەکەدا چەکدارێکی حزبوڵا کوژراوە و 20ـی دیکەش برینداربوون.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردووە کە لە هێرشەکەی دوێنێی هەریردا سێ سەرباز برینداربوون کە دۆخی یەکێکیان ناجێگیرە و دەڵێت، دەستبەجێ بایدن لە هێرشەکە ئاگادارکراوەتەوە و ئەویش راستەوخۆ پنتاگۆنی راسپاردووە کە ئامادەکاریی بکات بۆ چەند بژاردەیەک بۆ وەڵامدانەوەی ئەوانەی کە بەرپرسیارن لە ‌هێرشەکە.”
هاوکات پنتاگۆن لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، “هێرشەکە وەڵامی چەندین هێرشن کە لەلایەن ئەو میلشیایانەی ئێران سپۆنسەریان دەکات، ئەنجام دەدرێن.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پێش هێرشە ئاسمانییەکەدا گوتی، “نزاکانم بۆ ئەو ئەمریکییە ئازایانەیە کە لە هێرشەکەی هەولێردا برینداربوون.”
پنتاگۆن جەختیکردووەتەوە کە زۆر بەتەواوی خۆیان ئامادەکردووە بۆ گرتنەبەریی هەنگاوی زیاتر بۆ پاراستنی سەرباز و بنکەکانیان لەو ناوچانە.

هاوکات مایکڵ کۆریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکان بۆ سزادانەی ئەوانەیە کە ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە هێرشەکانی عێراق و سوریا و ئامانجیش لێیان کەمکردنەوەی تواناکانیانە بۆ رێگریی لە بەردەوامبوونی ئەو جۆرە هێرشانە.

لەدوای 17ی مانگەوە و وەک پشتگیرییەک بۆ حەماس لە غەزە، گروپە چەکدارییە شیعییەکانی نزیک لە ئێران 103 هێرشیان کردووەتەسەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button