ئەمریکا کەوتووەتە خۆی دژی پلانی روسیا بۆ ناردنی چەکی ئەتۆمی بۆ بۆشایی ئاسمان

 زووم:

هەڕەشەیەکی جدی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی بەرۆکی ئەمریکای گرتووە و بابەتەکەش پەیوەندی بە روسیاوە هەیە، شەوی رابردوو ئەم بابەتە تەواوی میدیاکانی ئەو وڵاتەی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو.

بەرە بەرە بابەتەکە لە زاری چەند بەرپرسێکەوە ئاشکرابوو، روسیا بەنیازە چەکی ئەتۆمی رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات، دواتر راپۆرتێکی سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا جەختی لە زانیارییەکان کردەوە، بۆیە هەر زوو راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا و یاسادانەرانی ئەنجومەنی نوێنەران داوایان کرد نیگەرانییەکانیان یەکبجەن لەبەرامبەر بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەڕەشە مەترسیدارەکە.

بەگووتەی بەرپرسانی نزیک لەو پرسە هەواڵگرییە، روسیا نیازی ئەوەی نییە لە بۆشایی ئاسمانەوە بۆمبی ئەتۆمی بخاتە خوارەوە، بەڵکو دەکرێت لەو رێگەیەوە هێرش بکاتە سەر مانگە دەستکردەکانیان کە لە بۆشایی ئاسماندا جێگیرکراون.

لەوبارەیەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەزاری بەرپرسانی سەرۆکایەتی ئێستا و پێشووی وڵاتەکە باس لەو زانیارییە هەواڵگرییە دەکات کە روسیا هەوڵدەدات سیستەمێکی ئەتۆمیی دژە-مووشەکیی لە بۆشایی ئاسماندا درووست بکات.

بەڵام بەرپرسانی ئەنجوومەنی نوێنەران گووتوویانە، بابەتەکە لە ئێستا جێگەی ترس نییە، چونکە سیستەمەکە تا ئێستا رەوانەی بۆشایی ئاسمان نەکراوە و لە ئێستادا لەژێر پەرەپێداندایە. هاوکات باسیان لەوەشکردووە سیستەمەکە چەکێک ناگرێتەخۆی کە بۆ هێرشکرنە سەر مرۆڤ دروستکرابێت.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە، هانس کریستێنسێن، بەڕێوەبەری پرۆژەی زانیاریی ئەتۆمی لە فیدراسیۆنی زانا ئەمریکییەکان رایگەیاند، وڵاتانی دیکە چەکی دژی مانگە دەستکردەکانیان تاقیکردووەتەوە بەڵام ئەمریکا زۆر بە روونی هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر هێرش بکرێتە سەر فەرماندەیی چەکی ئەتۆمی و مانگە دەستکردەکانی، ئەوا زۆر بە بەهێزیی وەڵامیان دەبێت.

لەوبارەیەوە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا رایگەیاند زۆر تووشی سەرسوڕمان بووە کە ئەم پرسە هەواڵگرییە بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێت و گوتیشی ئەوە زانیاریی هەواڵگریی سەر کاغەزن و دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی شارەزادا باسیان لێوە بکرێت نەک خەڵکی پێ بترسێنرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button