ئێران و سعودیە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان کۆدەبنەوە

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئێران و سعودیە دانوستانی رووبەڕوو بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان هەلادوولا، ئەوەش بە قسەی جێگری وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئێران.

محەمەد محەمەدی بەخش، جێگری وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی کرێکارانی ئێرانی (ئیلنا)ی ڕاگەیاند، “هیچ ئاستەنگیەک نەماوە لە بەردەم دەسپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و ڕیاز یان شارەکانی دیکە”.

ناوبراو گوتیشی، “لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنراوە و هەفتەی داهاتوو کۆدەبنەوە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، ئەوە جگە لە گەشتی فەریزەی حەج لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە ئێستادا بەردەوامن”.

محەمەدی راشگەیاند، ئێران بە شێوەیەکی کرداری لیستێکی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی پێشکەشکردووە کە گەشتەکان رێکدەخەن، بەبێ ئەوەی ناوی هیچکام لەو کۆمپانیانە دەستنیشان بکات، بەڵام تا ئێستا حکومەتی سعودیە هیج لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە.

لە سالی 2016 ئێران و سعودیە پەیوەندیەکانیان پچڕاند، دوای ئەوەی ڕیاز پیاوێکی ئاینی شیعی لەسێدارە دا و لە کاردانەوەشدا، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران، هەر لەو کاتەشەوە گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی “ڕێکخراو” لە نێوان هەردوو وڵات ڕاگیراوە، بەتەنها گەشتی حاجیان نەبێت.

دەسپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و سعودیە هەنگاوێکی دیکەیە بە ئاڕاستەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو هێزە هەرێمایەتیە ناکۆک و ڕکابەرە.

لە مانگی ئازاردا بە نێوەندگیریی چین، تاران و ریاز یەکەم هەنگاوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان دەسپێکرد، ئەوەش دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی و ململانێی توند کە هەڕەشەی لە ئاسایشی تێکڕای ناوچەکە دەکرد، بە تایبەتی عێراق و سوریا و یەمەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button