بەهۆی “دەستوەردانی حزبی” کاندیدیکی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی کشایەوە

زووم:
هاوڕێ حەسەن دەروێش کاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی هەرێم کشانەوەی خۆی راگەیاند، کە بڕیارە سبەی ئەو هەڵبژاردنە لە پارێزگاکانی هەرێم بەڕێوەبچێت.

هاوڕێ حەسەن دەروێش لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، لە راستیدا بەندە وەک یەکەمین کاندید لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ هەڵبژاردن خۆم تۆمارکرد، چونکە باوەڕم وابوو دوای تێپەڕبوونی ۱۷ ساڵ بەسەر ئەنجامنەدانی پرۆسەی هەڵبژاردن کارێکی پێویست و گرنگە بۆ پارێزگای سلێمانی بۆ نوێبوونەوەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای سلێمانی و کاریگەری زیاتر لەسەر بووژاندنەوەی کەرتی بازرگانی بە شێوەیەکی گشتی دەکات.

ئەوەش دەڵێت: لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەندە بۆ بەرەو پێش بردنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە رابردوودا بێ بەرامبەر هەوڵی تەواوم داوە بۆ پێشخستنی کاری بازرگانی بە گشتی و کاری پێکەوەی بە تایبەتی تاوەکو زیاتر خزمەتی شارەکەمان بکەین هەر بۆ ئەو مەبەستەش بەشدار و هاوکار و پشتیوان بووم لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن تاوەکو ژوورەکە لە چەق بەستووی بپارێزین.

هەروەها دەڵێت: بە داخەوە هەر لە رۆژێک دوایی دیاریکردنی ژمارەی کاندیدەکان و پێشتریش بە ئاشکرا و بە نهێنی وەک هەموو کایە گرنگەکانی دیکەی ئەم کۆمەڵگایە “حزب دەستی کرد بە دەستێوەردان و پێش وەخت ناوی لیست و کاندیدە دەرچوو دانراوەکان بڵاوکرانەوە بە جۆرێک بازرگان و پیشەسازکاران پابەند دەکرێن بە دەنگدان بە لیست و چەند ژمارەیەکی دیاریکراو، کە حزبەکان مەبەستیانە”.

ئەو جەختیکردووەتەوە، ئەوە “پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و مەدەنیەت و ئازادیە جگە لەوەی کە خۆی لە خۆیدا هۆکارێکە بۆ لەکەدار بوونی پرۆسەی توێژێکی گرنگی کۆمەڵگاکەمان”.

سبەی 30 ی تشرینی دووەمی 2023، لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی كارگێڕی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی بەڕێوەدەچیت.

لە هەڵبژاردنەكەدا 29 هەزار و 684 كەس مافی دەنگدانیان هەیە لە سەرجەم پارێزگاكان و لەهەمان كاتیشدا 95 سندوقی دەنگدانیش دابینكراوە بۆ پڕۆسەكە .

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی، کە تایبەت دەست زووم کەوتووە، لە پارێزگای هەولێر، 11565 كەس مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا هەیە، 42 سندوق دابینكراوە بۆ هەڵبژاردنەكە، 33 كاندید كێبڕكێی دەكەن بۆ 17 كورسی ئەنجوومەنی كارگێڕی، بە جۆرێك 13 كەسیان سەرەكین و 4 كەسیشیان یەدەگن.

بۆ پارێزگاری هەولێر، لە هەڵبژاردنەكەدا هەركەسێك دەنگ بدات، پێویستە لە 7 دەنگ كەمتر نەدات و لە 13 دەنگیش زیاتر نەدات.

هەر بە گوێرەی ئامارەکە، لە پارێزگای سلێمانیش، 9617 كەس مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا هەیە، 20 سندوق دابینكراوە، 26 كاندید كێبڕكێی دەكەن بۆ 17 كورسی ئەنجوومەنی كارگێڕی، بە جۆرێك 13 كەسیان سەرەكین و 4 كەسیشیان یەدەگن.

بۆ پارێزگای سلێمانی، هاوشێوەی هەولێر، لە هەڵبژاردنەكەدا هەركەسێك دەنگ بدات ، پێویستە لە 7 دەنگ كەمتر نەدات و لە 13 دەنگیش زیاتر نەدات.

هەرچی تایبەتە بە پارێزگای دهۆك ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە 7700 كەس مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا هەیە، 30 سندوق دابینكراوە بۆ هەڵبژاردنەكە، 17 كاندید كێبڕكێی دەكەن بۆ 15 كورسی ئەنجوومەنی كارگێڕی، بە جۆرێك 11 كەسیان سەرەكین و 4 كەسیشیان یەدەگن.

لەپارێزگای دهۆکیش هەركەسێك دەنگ بدات، پێویستە لە 6 دەنگ كەمتر نەدات و لە 11 دەنگیش زیاتر نەدات.

لە پارێزگای هەڵەبجەش، 802 كەس مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا هەیە، 3 سندوق دابینكراوە بۆ هەڵبژاردنەكە، 10 كاندید كێبڕكێی دەكەن بۆ 9 كورسی سەرەكی و كورسییەكی یەدەگ هەیە.

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كارگێڕی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی، لەلایەن ئەو كەسانەی لە هەڵبژاردنەكەدا دەرچوون هەڵبژاردنێك ئەنجامدەدەن و تییدا سەرۆكی ئەنجوومەن و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێرن .

كۆتا هەڵبژاردنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی لە پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2006، کە لەوکاتەوە تائێستا هیچ هەڵبژاردنێک ئەنجامنەدراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button