بڕیارێکی حکومەتی ئێران پزیشکەکان دەوڵەمەندتر و پەرستاران هەژارتر دەکات

زووم:

لە ئێران، گرانی، کاریگەریی لەسەر ژەمەکان داناوە، ئەمەش گرفتی تەندروستیی بۆ خەڵک دروستکردووە، لای هەندێک سەریکێشاوە بۆ بەدخۆراکی، ئێستاش بەرزبوونەوەی نرخی چارەسەرییە پزیشکیەکانی هاتە سەر.

بە گوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی ئێران ئینتەرنەشناڵ، پەسەندکردنی بەرزکردنەوەی باجی پزیشکی بە رێژەی 46٪، سیستمی تەندروستیی ئێرانی رووبەڕووی گرفت کردووەتەوە.

بەرزکردنەوەی باجی پزیشکی مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە، نیگەرانییەک هەیە لەبارەی ئەوەی بڕیارەکە نایەکسانی لە داهات لە کەرتی تەندروستیدا دروست بکات و ئەوەش ناڕازیبوونی پەرستاران زیاتر بکات، ببێتە هۆی جێهێشتنی کەرتی تەندروستی.

داهاتی بەرزکردنەوەی باجی پزیشکی دەگەڕێتەوە بۆ پزیشکانی پسپۆڕ، داهاتی پەرستارەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە رەخنەی ئەوە لە بڕیارەکەی حکومەتی ئێران دەگیرێت، هەڵاواردنێکی نادادپەروەرانە و ئاشکرای لە سیستەمی چاودێریی تەندروستی ئێراندا کردووە، جیاوازیی داهاتی بێوێنە لە نێوان پزیشکان و پەرستاران دروستدەکات.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەمەد میرزابەیگی، بەرپرسی رێکخراوی پەرستارانی ئێران رایگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار پەرستار وڵاتەکەیان جێهێشتووە.

لەبارەی دۆخی پەرستارانەوە، محەمەد شەریفی موقەدەم، ئەمینداری گشتیی ماڵی پەرستاری دەڵێت، تێکڕای مووچەی پەرستارێکی تازەدامەزراو 9 ملیۆن تمەنە، کە دەکاتە کەمتر لە 200 دۆلاری ئەمریکی، لەکاتێکدا داهاتی پزیشکی پسپۆڕ تەنها لە کەرتی گشتیدا مانگانە زیاترە لە 140 ملیۆن تمەن، کە نزیکەی 3 هەزار دۆلارە.

زیادکردنی باجی پزیشکی بە رێژەی 46٪ لە کاتێکدایە مووچەی کرێکاران تەنها بە رێژەی 20٪ بەرزدەکرێتەوە، کەلێنی نێوان داهات و خەرجیی خەڵک زیاتر و دۆخی ژیانیان خراپتر دەبێت، بەردەوام خەڵک توانای چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان کەمدەبێتەوە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button