چوارچێوەی هەماهەنگی پەیامێکیان بۆ سودانی ناردووە چالاکییەکانی خاوبکاتەوە

 

زووم:
لێدوانەکەی محەمەد سەیهۆد لەبارەی ناردنی پەیامێکی هۆشداری لەلایەن سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ محەمەد شیاع سودانیی سەرۆکوەزیران، مشتومڕ و کاردانەوەی لێکەوتەوە.

سەیهۆد خۆی سەرۆکی هاوپەیمانیی گردبوونەوەی نەوەکانە و یەکێکە لە سەرکردەکانی چوارچێوەکە، ئەو لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرایکرد، سودانی پەیامێکی ئاگادارکردنەوەی لەلایەن سەرکردەیەکی باڵای ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێگەیشتووە، کە چیتر نابێت هێندە پێشڕەوی لە کار و چالاکییەکانیدا بکات، بۆیە دەبێت هەنگاوەکانی خاوبکاتەوە.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی راپۆرتێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی ناو چوارچێوەکە ترسیان لەوەیە سودانی لە رێگەی کارو چالاکیەکانییەوە ببێتە کەسایەتیەکی سیاسی و جەماوەری لە داهاتوودا، ئەوان بە چالاکی و پێشکەوتنەکانی حکومەتەکەی سودانی دڵخۆش و دڵنیا نین.

هەر به ‌گوێرەی رۆژنامەکە، سەیهۆد کە ئامۆزای سەرۆکوەزیرانە و هاوپەیمانێتییەکەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیشی کرد، خۆی پەیامەکەی داوە بە سودانی و تێیدا داوا لە سودانی کراوە، هەنگاوەکانی حکومەت خاوبکاتەوە، وەک رۆژنامەکە روونیکردوەتەوە ئەو پەیامە خواستی زۆربەی سەرکردە و لایەنەکانی نێوچوارچێوەی هەماهەنگیە بەوپێیەی زیاد لە پێویست هەنگاوی ناوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی

پەیامەکە لەکاتێکدایە، پێشتر باڵوێزی ژاپۆن لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا وەسفی سودانی کردووە و بە کەسێکی چالاک و کەمدوو وەسفی کرد، هاوشێوەی کاربەدەستانی وڵاتەکەی لە ژاپۆن.

شەرقولئەوست لە چاودێرانی سیاسییەوە گواستویەتییەوە، کە هاوپەیمانەکانی سودانی بەهەنگاوەکانی ئاسودە نین، بەتایبەت کە سودانی وەک یەکەم کاربەدەستی باڵای وڵات سەروەت و سامانەکەی لە ساڵی نوێدا ئاشکراد، بۆیە ئەوان بە مەترسی دەزانن لەسەر ئایندەی خۆیان و پێیان وایە بە هەنگاوەکانی، سودانی چاو و سەرنجی شەقامی عێراقی و لایەنە سیاسیەکان رادەکێشێت بەلای خۆیدا، ئەوەش لەکاتێکدایە، سودانی پێشتر سەرکردە بوو لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، هاوکات سەرۆکی رەوتی فوڕاتەینە، حیزبەکەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئەمدوایەی ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد ئەوەش بۆ خۆ بەدوورگرتن لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردەو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا.

لایخۆیەوە غالب دەعمی، چاودێری سیاسی بۆ رۆژنامەکە دواوە و پێشبینی دەکات، لە سەرووبەندی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکاندا، سودانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی، رووبەڕووی ئاڵنگاریی و بەربەستی گەورە ببێتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button