ئیسرائیل پێشنیازی ناردنی هێزێکی فرەنەتەوە دەکات بۆ غەزە

 

زووم:
یوئاف گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا پێشنیازی دروستکردنی هێزێکی سەربازیی فرەنەتەوەی کردووە، کە هێزی وڵاتانی عەرەبیشی تێدا بێت بۆ سەپاندنی یاسا و سەقامگیرکردنی کەرتەکە، هەروەها سەرۆکاریکردنی گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ خەڵکی کەرتەکە.

ماڵپەڕی ئاکسیۆنی لە زاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە بابەتەکەی ئاشکراکردووە و دەڵێت، ئیسرائیل لەژێر فشارێکی نێودەوڵەتی چڕدایە بۆ باشکردنی شێوازی گەیاندنی هاوکارییەکان لە غەزە بە تایبەت، کە نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری لە راگەیاندنی برسێتی لە کەرتەکە دەدات.

دەشڵێت، بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە ناردنی هێزی فرەنەتەوە دەتوانرێت ببێتە جێگرەوەیەک بۆ دەسەڵاتی حەماس و بنیادنانی حکومەتێک، کە بزووتنەوەکەی تێدا نەبێت.

گاڵانت لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا داوای پشتگیری و رەزامەندی بەرپرسانی ئەمریکای کردووە بۆ پێشنیازەکە بە تایبەت لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری و ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوە و جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.

هەر بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بۆ ماڵپەری ئاکسیۆس، پێشنیازەکەی ئیسرائیل بە شێوەیەکە، کە پێویستە هێزێکی عەرەبی بۆ ماوەیەکی کاتی لە غەزە بمێنێتەوە و بەرپرس بێت لە دابەشکردنی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی، کە دەنێردرێت بۆ کەرتەکە تاوەکو دڵنیایی بدەن نەگاتە دەستی حەماس یاخود تاڵان بکرێت.

ماڵپەرەکە ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی سێ وڵاتی عەرەبی کە یەکێکیان میسرە تاوتوێکردووە، بەڵام وڵاتانی عەرەبی رازی نەبوون هێزی سەربازی بنێرن بۆ کەرتەکە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button