روسیا بە ستراتیجی “مەکینەی گۆشت” زیاتر لە 50 هەزار سەربازی بە کوشت داوە

زووم:

بەهۆی ستراتیجی مەکینەی گۆشتەوە، روسیا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی خۆی لە جەنگی ئۆکراین بە کوشت داوە، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی بی بی سی.

ستراتیجی مەکینەی گۆشی واتە رەوانەکردنی هەڕەمەکیانەی ژمارەیەکی زۆر سەرباز پێکەوە بۆ ماندووکردنی هێزەکانی ئۆکراین و ئاشکراکردنی مۆڵگەکانیان، بۆئەوەی دواتر لەلایەن تۆپخانەکانی روسیاوە تۆپباران بکرێن.

راپۆرتەکە کە بی بی سی لەگەڵ دەزگایەکی دیکەی سەربەخۆ و چەند خۆبەخشێکدا ئەنجامیان داوە، پشتی بە ئامارە فەرمییەکان، ئاماری گۆڕستانەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی روسیا بەستووە.

لە دووەم ساڵی جەنگی روسیا-ئۆکراین و بەراورد بە ساڵی یەکەم، ژمارەی ئەو سەربازە روسییانەی لە جەنگەکەدا کوژراون 25% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 27 هەزار و 300 سەرباز.

راپۆرتەکە هیچ ئامارێکی لەبارەى کوژراوانی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی مۆسکۆی تێدا نییە و جەختدەکاتەوە ژمارەکە زۆر لەوەش زیاترە ئەگەر ئامارە فەرمییەکان بە شەفافی هەڵبدرێنەوە، هەروەها هەشت ئەوەندەی ئاماری فەرمییە کە روسیا رایگەیاندووە.

ئامارەکە باجێکی گەورەی روسیا دەردەخات لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی ئەمدواییە کە لە ئۆکراین بەدەستیهێناوە،

ئۆکراینیش زۆر بە کەمی لێدوان و زانیاری لەبارەى ژمارەی کوژراوەکانی دەدات، بەڵام ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا دانی نا بەوەی 31 هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە جەنگەکەدا کوژراون، هەرچەندە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەڵێن زیانەکان زیاترن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button