دەروونشیکارى لە پێشانگاى نێودەوڵەتیی کتێب

 

ساڵانە لە بەراییەکانى وەرزى زستاندا، پێشانگاى نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانى دەکرێتەوە. پێشانگاکە دەزگا ناوخۆیی و دەرەکییەکانیش لەخۆدەگرێت. ئەو کتێب و بەرهەمانەشى لەوێ دەخرێنەڕوو، هەمەجۆرن. لە هەموو بوارەکاندا بەرگ و ناونیشانى جۆراوجۆر دەخرێتە بەردەم خوێنەران و کتێبدۆستان. تەنانەت بۆ تەمەنە جیاجیاکان، بەرهەمى جیاجیا بەدیدەکرێت. لە کتێبى فیکرى و فەلسەفییەوە، تا مێژوویی، سیاسى، دەروونى، و ئاینى بەدیدەکرێت.
دەروونشیکارى لقێکى دیارى دەروونناسییە کە لە دەروونناسیی باو قووڵتر و فەلسەفییترە. چەند ساڵێکە ژانرى دەروونشیکارى، بەتایبەت لەبارەى زیگمۆند فرۆیدى دەروونشیکارەوە، بەرچاودەکەوێت. ئەم ژانرە، بە لاى بەشێکى خوێنەرانەوە جێى سەرنجە. بەرهەمەکانى دەروونشیکارى، لەلایەن خوێنەرانى گەنجەوە بە هەردوو ڕەگەزەکەوە پێشوازیی لێ دەکرێت. ئەوان هەم وەک سەرچاوەى زانکۆیی بەکاریدەهێنن و هەم وەک خولیاى خوێندنەوەش دەیخوێننەوە. لەو سێ ساڵەى پێشوودا، خەریکە خوێنەرى تایبەت بە خۆى درووستدەکات کە چاوەڕوانن بزانن بەرهەمى نوێ چ بەڕێوەیە. ئەم بەرهەمانە، بە دیزاینێکى یەکڕەنگ و پرۆژەئامێزەوە چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
ئەوەى لە بۆچوونى خوێنەرانى ئەم بەرهەمانەدا دەبینرێت ئەوەیە کە حەزدەکەن شارەزاى دەروونى مرۆڤ و کەسایەتییە ئاڵۆزەکەى ببن. بۆ ئەم مەبەستەش، بەرهەمەکانى دەروونشیکاریی فرۆید سەرنجیان ڕادەکێشێت. هەندێک لە خوێنەران دەست بۆ شەرح و شرۆڤەى سەرەتایی دەبەن تێبگەن، هەندێکى تریشیان دەست بۆ بەرهەمى نوسەرەکانى ئەو بوارە دەبەن تا بزانن خۆیان ڕاستەوخۆ چۆن بیردەکەنەوە. بەتایبەت زیگمۆند فرۆید، دامەزرێنەرى دەروونشیکارى، کە خۆى خەڵکى نەمسا بوو. لەم ڕووەشەوە، هەوڵدراوە بەرهەمەکان بۆ ئاستى جیاجیا و تەمەنى جیاجیا بێت.
ئەو بابەتانەى دەروونشیکارى لەسەریان دەوەستێت بریتیین لە چۆنیەتیی ئیشکردنى کۆئەندامى دەروونیی مرۆڤ، پرسى سێکسوالیتە، پرسى نەست، خەونبینین، پەیوەندیی تاک و کۆمەڵگا، کەلتور و شارستانییەت، ئارەزووە مرۆییەکان و ڕێگرییەکانى بەردەمى، درووستبوونى یاساکان و پەیوەندییان بە دەروونى مرۆڤەوە. دەروونشیکارى لە کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدەوە لەسەر دەستى “زیگمۆند فرۆید” سەریهەڵدا. سەدەیەک زیاترە بەسەر ئەم کایەیەدا تێدەپەڕێت و وەک قوتابخانەیەکى دەوڵەمەندى فیکرى ڕۆڵى گەورەى لە ناسینى مرۆڤ و کۆمەڵگادا بینیوە. دەروونشیکارى، وەک شۆڕشێک هاتەکایەوە کە لەلایەن بیروباوەڕى باوەوە دژایەتیی زۆرى کرا. ئەم بەرهەمانە لەناو زمانى کوردییدا، هەوڵێکە بۆ ئەوەى خوێنەرانى کوردیش لەو کایە دەوڵەمەندە بەئاگابێنەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button