27ی ئازار رۆژی جیهانیی شانۆیە

ساڵی 1961 لە کۆنفرانسى پەیمانگای نێودەوڵەتی شانۆ لە ڤێنا باس لە بیرۆکەی دیاریکردنى رۆژێک بۆ شانۆ کرا و داوا لە “ناوەندی فینلەندی” سەر بە پەیمانگاکە کرا رۆژێک دیاری بکات، ئەویش 27ی ئازاری دیاریکرد.

27ی ئازاری 1962 مێژووی کردنەوەی شانۆی نیشتیمانی “سارە برنانت”ە لە پاریس، کە بەو هۆیەوە میهرەجانێکی شانۆیی دەستیپێکرد و چەندین شانۆیی نمایشکران، کە دواتر ئەمە بوو بە نەریتێک لە وڵاتان.

پەیمانگای نێودەوڵەتی شانۆ ITI سەر بە رێکخراوی یونسکۆیە و نزیکەی 100 لقی لە سەرتاسەری جیهان هەیە، لە ساڵی 1948 دامەزراوە، عێراق ئەندامێکی ئەم پەیمانگایەیە.

ساڵانە پەیامی شانۆی جیهانی لە لایەن شانۆکارێک دەخوێندرێتەوە

ساڵانە لەلایەن پەیمانگاکە کەسایەتیەکی شانۆکار لە جیهان دەستنیشاندەکرێت بۆ خوێندنەوەی پەیامی شانۆی ئەو ساڵە و وەردەگێڕدرێت بۆ سەر زمانە جیهانیەکان

یەکەم پەیامی شانۆ لەلایەن شانۆکاری فەڕەنسی “جان کۆکتۆ” خوێندرایەوە لە ساڵی 1962.

هەرچەندە سەرەتای سەرهەڵدانی شانۆ دیارینەکراوە، بەڵام سەرچاوەکەن دەڵێن، مێژووی شانۆ لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ 2500 ساڵ پێش ئێستا.

سەرەتاکانی شانۆ لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 18 لە شاری موسڵ، کە هەندێک نمایش لە کڵێسا و خوێندگا ئاینیەکان ئەنجامدەدرا.

هێنانی شانۆیی لەلایەن ئەو قەشانەوە بوو کە هاتوچۆی ئەوروپایان دەکرد و شارستانیەتی ئەوێیان هێنابوو بۆ عێراق.

زاراوەی شانۆ لە ئەدەبیاتی کوردیدا بۆ یەکەمجار گۆرانى شاعیر لە ساڵی 1950 بەکاریهێناوە، پێشتر زاراوەی عەرەبی “مسرح” یاخود وشەی “تیاترۆ”ی بۆ بەکارهێنراوە.

مێژووی شانۆی کوردی دیار نییە بەو پێیەی نمایشە میلییەکان لە کۆنەوە لە مزگەوت و چایخانە و کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتیەکان وەک جۆرێک لە شانۆ بوون

مێژووی شانۆی هاوچەرخی کوردی لە کوردستانی عێراق لە ساڵی 1957 دەستپێدەکات لەگەڵ دامەزراندنی “کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان” لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە کە شانۆکارانی کۆکردەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button