کەلتورى پلاستیک

ئا. زووم

 

 

پلاستیک، تەنیا پرسێکى فیزیکى یان ژینگەیی نیە، بەڵکو کاریگەرییەکەى لەم پرسانە زیاتر دەڕوات. لە پرسى ئەخلاقى جیهانییەوە تا بیرکردنەوەى مرۆڤ لە خۆى و ژینگەکەى و  چارەنووسى ئەوانیتر دەگرێتەوە. ئەمڕۆ بڕێکى زۆر لە پلاستیک لە جیهاندا بەرهەم دێت، پاشان وەک پاشماوە دەمێنێتەوە و ژینگە پیس دەکات، کێشەى تەندرووستى دەخوڵقێنێت، زیندەوەران لەناودەبات و هتاد. “زبڵەخاک” (wasteland)، لەسەر کێشى “وێرانەخاک”ـە کە قەسیدەیەکى ناودار و درێژى شاعیرى بەریتانى ت.س. ئیلیوتە. خاک، لە “زبڵەخاک”دا ئاماژەیە بۆ گۆى زەوى وەک شوێنى ژیانى مرۆڤەکان. زبڵەخاک، ناوى کتێبێکى “ئۆلیڤەر فرانکلین واڵیس”ـە کە ناونیشانى دووەمى دەکاتە “دونیاى شاراوەى زبڵ و گەڕانى خێرا بەدواى داهاتوویەکى پاکتردا”. کتێبەکە لە دووتوێى ٤٠٠ لاپەڕەدا لە ساڵى ٢٠٢٣ بڵاوبووەتەوە و بەدواداچوونى مەیدانیی ئەو ڕۆژنامەنووسەیە بۆ ئەم کێشە جیهانییە، لە کۆکەرەوانى زبڵەوە تا کۆمپانیا و تۆڕە جیهانییەکان و ژینگەپارێزان بەسەردەکاتەوە. پلاستیک پتر کەلتورێکە تا کێشەیەک. واتە بووەتە ستایلێک لە ژیان، نەریتێکى ڕۆژانەیی، قەیرانى تایبەت بە خۆیشى درووستکردووە و تەنانەت خۆى ناوى کەلتورێکى قەیراناویی ژیانى ئەمڕۆى مرۆڤە. کتێبەکە ڕەخنەى دیاردەى “شۆردنەوەى سەوز”یش دەکات کە چەواشەکردنى خەڵکە لەلایەن کۆمەڵێک کۆمپانیاوە کە بەناوى ژینگەدۆستییەوە زیاتر ژینگە وێراندەکەن و کڕیاران فریودەدەن. کتێبەکە پتر ورووژاندنى کێشەکەیە تا چارەسەر، چونکە زۆرینەى چارەسەرەکان کێشەیەکى تر دەخوڵقێنن.

بەپێى ئامارێکى ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مرۆڤ ساڵانە ٤٣٠ ملیۆن تەن پلاستیک بەرهەمدەهێنێت (کە دوو بەشیان تەمەنیان کورتە و زوو دەبنە زبڵ). پاشماوەى پلاستیک ئەمڕۆ لە هەموو جێیەک بەدیدەکرێت، لە بتڵى ئاوى بەتاڵەوە بیگرە تا دەگاتە عەلاگەى شت کڕین و کەوڵى خواردەمەنییەکان و قاپوقاچاغى سەفەرى و هتاد. تەنانەت چەندین ڕاپۆرتى ورد لەسەر ئەوە ئەنجامدراون کە پاشماوەى پلاستیک لە قووڵایی زەریاکانیشدا دۆزراوەتەوە، بۆ نمونە لە قووڵایی یانزە هەزار پێى کەندڕى ماریانا کە قووڵترین خاڵى ئاویی سەر ڕووى زەوییە لە زەریاى هێمن. لەو ساڵانەدا چەندین کتێب لەسەر گرفتى پلاستیک بڵاوبوونەتەوە، لەوانە: “ژەهرێک جیا لە ژەهرەکانى تر” لە نوسینى مات سایمۆن. ئەم کتێبە باسى وردەپلاستیکەکان (میکرۆپلاستیک) دەکات کە چۆن هەسارەى زەوى و پاشان لەشى مرۆڤ پیس و ژەهراوى دەکات. ئەو باسى ڕۆڵى دژیەکى پلاستیک دەکات لە ژیانى مرۆڤدا. لەلایەکەوە، بەبێ پلاستیک مرۆڤ نەیدەتوانى بەم شێوەیەى ئێستا پەرە بە پزیشکیی مۆدێرن بدات، مەترسییەکانى تەلى کارەبا داپۆشێت، و هتاد. بەڵام لەو لاى تریشەوە، هەسارەکە بۆتە ژێر ئیمپراتۆرى پلاستیک و پاشماوەکانیەوە. ئەو شمەکانەى لە پلاستیک درووستدەکرێت، بەشى زۆریان کارلێک لەگەڵ لەشى مرۆڤ دەکەن و دوور نیە ببنەهۆى نەۆخشیی درێژخایەن و کوشندە. چونکە بەشێکى زۆریان لە نەوت و سوتەمەنییە بەبەردبووەکان و مادە کیمیاییەکان درووستدەکرێن. وردەپلاستیکەکانیش بە ڕێگاى جیاجیا بەناو ژینگەدا بڵاودەبنەوە. چ ئەوەى خۆر و با  هەڵیاندەوەرێنێت و بڵاویاندەکاتەوە، چ لەڕێى جلوبەرگى مرۆڤەوە کە بەشێنەیی هەڵدەوەرێن. یان لە تایەى ئۆتۆمبێلەکانەوە کە دەسوێن و پەخشدەبنەوە. وردەپلاستیک لەو شمەکانەشەوە دەچێتە ناو گەدە و خوێنى مرۆڤەوە کە ڕۆژانە بەکاریدەهێنێت. لە مەعجون و کەرەستەکانى پاککردنەوەوە بیگرە تا دەگاتە بتڵەکانى ئاوخواردنەوە. تەنانەت باسى ئەوە کراوە کە بتڵى شیرى مناڵان، ڕێیەکى باوە بۆ وردبوونى بتڵە پلاستیکەکە و ژەهراویکردنى شیرەکە. وەک دەوترێت “ئەوەى زۆرێک لە مناڵان دەیخۆن، جۆرێک سووپى پلاستیکە”. هەتا کۆمەڵێک پزیشکى ئیتالى باسى ئەوەیان کردووە کە لە کۆرپەلەى مرۆڤدا، وردەپلاستیکیان دۆزیوەتەوە. یان دکتۆرە ئەڵمانییەکان باسى ئەوە دەکەن لە پیسایی ساوادا، وردەپلاستیکیان بینیوە.

ئەم قەیرانە ناونراوە “قەیرانى پیسبوونى پلاستیکى”. ساڵى ٢٠٢٢ وڵاتانى ئەندامى نەتەوە یەکگرتووەکان کە ، لە کۆنگرەى ژینگەیی ساڵانەى خۆیاندا، ڕێکەوتننامەیەکیان واژۆکرد لەپێناو کەمکردنەوە و نەهێشتنى پیسبوونى پلاستییکدا. خەمڵاندنێکیش کراوە کە دەکرێت تا ساڵى ٢٠٤٠، بەشى زۆرى قەیرانەکە چارەسەر بکرێت، بەو مەرجەى جیهان یەکدەنگ لەسەر بنەبڕکردنى کێشەکە ڕێکبکەون و چاو لە قازانجەکانیان بپۆشن. ژمارەیەکى هێجگار بابەت لەسەر ئەم کەلتورە پلاستیکییە نوێیەى مرۆڤ نوسراوە. بەشێکیان زیانەکان دەخەنەڕوو، بەشێکیشیان چارە و پێشنیار. بەڵام چارەى ڕیشەیی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە جۆرێک ئەخلاقیی سیاسیی نوێ دابڕێژرێت و دواییش بەئاسانى بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. کەلتورى پلاستیک، گەرچى لە بوارى پیشەسازى و ئابورییەوە سەریهەڵداوە و پەرەیسەندووە، بەڵام سەرەنجام پەیوەندیی بە بیرکردنەوەى مرۆڤەوە هەیە لەسەر زەوى، پەیوەندیی بە سیاسەتەوە هەیە لە جیهاندا، پەیوەندیی بەو ڕێکخراوە گەورانەوە هەیە کە مرۆڤ لەپێناوى ژیانێکى باشتردا درووستیکردووە و ڕەنگە ئەرکەکانیان لەبەر کەڵکەڵەى تر بیرچووبێتەوە.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button