لە بەریتانیا یەکەم حاڵەتى تووشبوونی مرۆڤ بە ڤایرۆسێک تۆمارکرا کە لەناو بەرازدا بڵاوە

▪️زووم..

بە گوێرەى هەواڵێکى کەناڵى سکاى نیوز، ئەو کەسەی تووشى ڤایرۆسەکە بووە نیشانە سووکەکانی نەخۆشییەکەی هەبووە و بە تەواوی چاکبووەتەوە.

هەر بە گوێرەى هەواڵى کەناڵەکە، دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ئەو حاڵەتە لە چوارچێوەی چاودێری ئاسایی ئەنفلۆنزادا دۆزراوەتەوە و سەرچاوەی تووشبوونەکەشی نەزانراوە.

میرا چاند، بەڕێوەبەری ڕووداوەکان لە دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا دەڵێت: ئەمە یەکەمجارە ئەم ڤایرۆسە لە مرۆڤدا دەستنیشان بکەین، بەو پێیەی ئەم جۆرە زۆر هاوشێوەی ئەو ڤایرۆسانەیە، کە لە بەرازدا دۆزراونەتەوە.

کەناڵەکە ئاماژەى بەوەش کردووە، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بەدواداچوون بۆ پەیوەندییە نزیکەکانی ئەو حاڵەتە دەکەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخەکەیان لە ناوچەی باکووری یۆرکشایر لە باکووری ئینگلتەرا، کە حاڵەکەى تێدا تۆمارکراوە خراوەتە ژێر چاودێرییەکى چر.

لە ساڵی ٢٠٠٩ ملیۆنان کەس تووشى پەتای ئەنفلۆنزای بەراز بوون و بڵاوبووەوە، کە هۆکاری تووشبوون بە ئەنفلۆنزاکەش ڤایرۆسێک بوو لە بەرازەوە دەگوازرایەوە، کە بە گوێرەى دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا، بە پشتبەستن بە زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو جۆرەی ئێستا لە مرۆڤ تۆمارکراوەو دۆزراوەتەوە جیاوازە لە ئەنفلۆنزاى بەراز.

هەواڵی زیاتر

Back to top button