ئیسرائیل و حەماس یەکدى بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن

سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەى حەماس، یەکدى بە پێشێلکردنى ئاگربەستە چوار رۆژییەکەى نێوانیان تۆمەتبار دەکەن، پێشێلکارییەکان لەبارەى شێوازى ئازادکردنى بارمتەکان و دەستگیرکراوە فەلەستینییەکانە لەلایەن ئیسرائیلەوە.

جۆنسان کۆنریکۆس، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە کەناڵى سی ئێن ئێنی ئەمریکی گوتووە، پێویستبوو خێزانەکان لە یەکدی جیا نەکرێنەوە، بەڵام حەماس پابەند نەبووە، هیلا رۆتیمی تەمەن 13 ساڵی ئازاد کردووە، بەڵام هێشتا دایکی ئازاد نەکراوە، هەرچەندە سوپای ئیسرائیل داوای ئازادکردنی ئەویشی کردووە.

کۆنریکۆس دەڵێت، “کاتێک پرسیارمان لە چارەنوسی دایکی ئەو کچە کرد، چەکدارەکان گوتیان شوێنی نازانین، لەکاتێکدا کچەى گوتویەتی دوو رۆژ پێش ئازادکردنی لەگەڵ دایکی بووە”.

لە هەمانکاتدا بزوتنەوەى حەماس ئیسرائیل بە پێشێلکردنى ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکات؛ تاهیر نونو، راوێژکاری ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بە کەناڵى جەزیرەى گوتووە، “ئیسرائیل بە کوشتنی دوو فەڵەستینی لە غەزە ئاگربەستەکەى پێشێلکردووە، پابەندی ئەو پێودانگانەش نەبووە کە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوە فەڵەستینییەکان لەسەری رێککەوتبووین، پابەندی رێگەدان بە گەیاندنى هاوکارییەکانیش نەبووە”.

ئیسرائیل و بزوتنەوەى حەماس بە نێوەوندگیرى قەتەر و هاوکارى ئەمریکا و میسر هەفتەى رابردوو لەسەر ئاگربەستى کاتى رێککەوتن، رۆژى هەینى خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە و ئەمڕۆ وادەکەى کۆتایی دێت.

شەوى رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا گوتى، “هیواخوازن ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە”.

پاش گوتەکەى بایدن، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند، ئامادەن بە مەرج ئاگربەستەکە درێژ بکەنەوە، مەرجەکەش ئازادکردنى 10 بارمتەگیراوە بۆ هەر رۆژێک.

هەواڵی زیاتر

Back to top button