ترەمپ و دوو كوڕەكەی دەدرێنە دادگا.. چەندین تۆمەتی فێڵ و ساختەكارییان رووبەڕوو کراوەتەوە

زووم:
دۆناڵد ترەمپ، ئەمجارە هەر خۆی نا، بەڵکو دوو کوڕیشی روبەڕووی دادگا دەکرێنەوە، دۆسیەکەیان ساختەکارییە و دادوەرێکی مەدەنی نیویۆرک بەوە تۆمەتباری دەکات، کە ساڵانێکە فێڵی لە بانکەکان و کۆمپانیای بیمەکردووە.

لێتیتیا جەیمس، داواکاری گشتی نیویۆرک، ترەمپ و دوو کوڕە پێگەیشتووەکەی و رێکخراوی ترەمپی تۆمەتبارکردووە، کە بەهای موڵکەکانیان بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە بەهای خۆی تۆمارکردووە، بۆ ئەوەی مەرجی باشتر لەسەر قەرز و گرێبەستی بیمە بەدەستبهێنن و باجی کەمتر بدەن.

ئارسەر ئێنگۆرۆن، دادوەریی دۆسیەی مەدەنی، رۆژی سێشەممە بڕیارێکی دژی ترەمپ و دوو کوڕەکەی دەرکرد و رایگەیاند، ئەوان بۆماوەی چەندین ساڵ کاریی ساختەکاریی کردووە، بۆ ئەوەی کۆمپانیایەکی خانوبەرە دابمەزرێنن، کە هەر لەرێگەی ئەوەشەوە بەناوبانگ بوو و دواتر بەهۆیەوە چووە کۆشکی سپی.

ئارسەر ئێنگۆرۆن دەڵێت، ترەمپ و کۆمپانیاکەی چەندین بانک و بیمەدەر و لایەنی دیکەیان هەڵخەڵەتاندووە، ئەمەشیان لەڕێگەی پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ساختە بۆ مسۆگەرکردنی پێدانی قەرز و ئەنجامدانی گرێبەست ئەنجامداوە.

ئەم بڕیارە پێدەچێت گورزێکی گەورە لە ترەمپ و پرۆژە بازرگانییەکانی بدات و ببێتە هۆی بەربەست بۆ بازرگانیکردنی لە ویلایەتی نیویۆرک، بەتایبەتی لە کەرتی خانوبەرە، چونکە دادوەرەکە بڕیاریداوە بڕوانامەی رێکخراوی ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە، کە بارەگاکەی لە ویلایەتەکەیە.

ئارسەر ئێنگۆرۆن، لەبارەی کارە ساختەکانی ترەمپ و کوڕەکانی دەڵێت، “جیهانێکی فانتاسییە، راستەقینە نییە.”

بەڵام ترەمپ و بەرگریکارانی دۆسییەکە رەتیدەکەنەوە هیچ کاتێک ساختەکارییەن کردبێت و دەڵێن، تانە لە بڕیاری دادوەرەکە دەدەن.

کریستۆفەر کیس، پارێزەری ترەمپ، دەڵێت، بڕیارەکە بەتەواوی دوورە لە راستی و یاسا بەرکارەکانی ئەمریکا.

ئەو دەڵێت، ترەمپ و خێزانەکەی بەدوای چەرەسەرێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدەن و ئەم لەبارچوونە دادوەرییە راستبکەنەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی دادوەرەکەی نیویۆرک، ئەگەر تانەکانی ترەمپ سەرکەوتوو نەبن، ئەوکات دەسەڵاتی بڕیاری ستراتیژیی و دارایی ترەمپ لەسەر بەشێک لە موڵکەکانی وەردەگیرێتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button