گۆڕان: بە زووترین کات لە داهاتی ناوخۆ مووچەی مامۆستایان دابەشبکرێت

زووم:

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایانەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانەكان راگەیاند.

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئەمڕۆ شەممە راگەیەنراوەكەی بڵاوكردەوەو تێیدا رایگەیاند، جگە لە پشتیوانی لە داواکاریییەکانیان بە پێویستی دەزانین حکومەتی هەرێم خواستەکانیان جێبەجێ بکەن.

جڤاتە راشیگەیاندووە، دەبێت بە زووترین کات لە داهاتی ناوخۆ مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت، هەروەها داواشی كردووە، لە ریزبەندی پێدانی مووچەدا وەزارەتی پەروەردە بخرێتە ریزبەندی یەکەم.

ئەم راگەیەنراوە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی یەك شەممە مامۆستایانی ناڕازی لە چەند شارو شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان بكەن، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو وەزیری پەروەردە، فەرمانێكی وەزاری بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام دەركرد و هۆشداریدا لەوەی ئەگەر دەوام دەسپێنەكەنەوە، لە رێگەی پەروەردەو بەرێوەبەرەكانەوە رێكاری تر دەگرنە بەر.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button