ڤیدیۆ: دیمەنی سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە

زووم:

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لایەنگرانی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد و ئاگریان تێبەردا، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک دژی دوایین بانگەشەی سەلوان مۆمیکا کە گوتبووی “جارێکی دیکە قورئان دەسووتێنم”.

وەکو لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت، لایەنگرانی سەدر بەدەم هوتافکێشان و بەرزکردنەوەی وێنەی موقتەدا سەدرەوە دەروازەی باڵیۆزخانەکە دەشکێنن و دەچنە ناوەوە و دەیسووتێنن.

ئەمە جاری یەکەم نییە لایەنگرانی سەدر هەڵدەکوتنە سەر باڵیۆزخانەی سوید، پێشتر و چەند رۆژێک پاش سوتاندنی قورئان بەدەستی سەلوان مۆمیکا، لایەنگرانی سەدر لەسەر قسەی موقتەدا سەدری رێبەریان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دەروازەی باڵیۆزخانەکەیان شکاند.

سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرە عێراقییەکەوە لە رۆژی 28ی مانگی رابردوودا کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە. عێراق بە فەرمی داوای لە سوید کرد سەلوان مۆمیکای رادەست بکاتەوە تاوەکو بە گوێرەی یاسای عێراقی دادگایی بکرێت.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی، وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و بەشێک لە سەرکردەکانی جیهان ئیدانەی کردەوەکەیان کرد.

رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامییش بڕیارنامەیەکی دژی رقلێبوونەوەی ئاینی پێشکەشی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button