لە پورتوگال پۆپۆلیستەکان هەڵکشان

زووم:
لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی پورتوگال، کە کۆتایی بە هەشت ساڵ حوکمڕانی چەپەکان هێنا، پورتوگالییەکان ئەمڕۆ دووشەممە خۆیان لەبەردەم پەرلەمانێکدا دەبیننەوە، کە راستڕەوە میانڕەوەکان روبەڕووی دژواریی دەبنەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی سەقامگیر، بەبێ پشتبەستن بە پۆپۆلیستەکان، کە ژمارەی کورسییەکانیان چوار هێندە زیادیکردووە بەراوورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو.

“فیلیپا رایمۆندۆ”، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە پەیمانگای زانکۆی “لیشبۆنە” بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، “دابەشکردنی کورسییەکان ئەوەمان پێدەڵێت نابێت چاوەڕوانی سەقامگیرییەکی گەورە لە پورتوگال بکەین”.

بەرزبوونەوەی سەرلەنوێی کورسییەکانی پارتی راستڕەوی توندڕەوی “شیگا”، کە پێشتر راپرسییەکان ئەو پێشبینییەکان کردبوو، دروست دەرچوو و بەرزترین رێژەی بەشداریکردنیشیان لە ماوەی نزیکەی 30 ساڵی رابردوودا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا تۆمارکرد.

ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارتەی دژەدەسەڵات، کە لە ساڵی 2019ــەوە لەلایەن “ئەندرێ ڤێنتورا” دامەزراوە و بە پارتێکی پۆپرلیست ناسراوە، لە 12 کورسییەوە بۆ 48 کورسی زیادیکرد.

پارتەکە بووە سێیەم هێزی سیاسیی وڵاتەکە و 18%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەوەش خەریکە نیازی سەرۆکی حیزبەکە دێنێتە دی بەوەی پارتەکە ببێتە کۆڵەکەیەکی گرنگی سیستمی سیاسیی پورتوگال.

لەم سێ مانگەی هەڵبژاردنەکانی بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا، دەنگدەرانی پورتوگال ئەوەیان پشتڕاستکردەوە، راستڕەوە توندڕەوەکان لە سەرانسەری کیشوەرە پیرەکە پێشڕەوی دەکەن.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پورتوگال بەمشێوەیە بوون، هاوپەیمانی دیموکراتی راستڕەو 29.5%ی دەنگەکان و 79 کورسی لە کۆی 230 کورسی بەدەستهێناوە، پارتی سۆسیالیستی چەپ 28.7%ی دەنگەکان و 77 کورسی بەدەستهێنا، پارتی راستڕەوی توندڕەوی “شیگا” 18%ی دەنگەکان و 48 کورسیی بەدەستهێنا.

بۆیە ئەنجامەکان وا کەوتنەوە، براوە نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بە 116 کورسی مسۆگەر بکات، تەنانەت ناشتوانێت لەگەڵ پارتێکی لیبراڵیی بچووک، کە 5%ی دەنگەکانی بردووە و 8 کورسی هەیە، هاوپەیمانی پێکبێنێت و ببنە زۆرینە.

رۆژنامەی “کۆریۆ دا مانها” لەبارەی ئەنجامەکانەوە نووسیویەتی، زریانی “شیگا” وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ لای راستڕەوەکان، لە کاتێکدا رۆژنامەی “جۆرناڵ دی نۆتیسیا” ئەنجامەکانی بە “سەرکەوتنێکی سادە و وڵاتێکی دابەشکراو” وەسفکرد.

لە کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا و لە وتارێکیدا، “لویس مۆنتینیگرۆ” سەرۆکی هاوپەیمانیی دیموکراتی راستڕەو، کە یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو، سەرکەوتنی راگەیاند و گوتی، دەیەوێت بە زۆرینەی رێژەیی حوکمڕانیی پورتوگال بکات.

بە کورتی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دیموکراتی پشت بە “بەرپرسیارێتی” چەپەکان دەبەستێت، کە داوای لێکردوون، شانبەشانی شیگا، لە داهاتوودا دەنگ لەسەر سەندنەوەی متمانە لە حکومەتەکەی نەدەن.

لە پورتوگال دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێویستی بە دەنگدان نییە لە پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەرکەکان لە ئەستۆبگرێت، وا چاوەڕواندەکرێت ئەوە لە سەرەتای مانگی نیساندا رووبدات.

“پێدرۆ نۆنۆ سانتۆس” سەرۆکی تازەی چەپەکان، دان بە شکستدا دەنێت و دەستبەجێ وەک سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن رۆڵی نواند، هۆشداریشیدا لەوەی پابەند نابێت بە تێپەڕبوونی بودجەی داهاتووی پورتوگال.

ئەو گۆڕانکارییە تازەیەی لە پورتوگال روویداوە، دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ زۆرینەی سادەی راستڕەوەکان، کە لە نێوان چەپ و راستڕەوە توندڕەوەکاندا گیریان خواردووە.

مارسیلۆ رێبێلۆ دی سۆزا، سەرۆکی پورتوگال، رۆژی سێشەممە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو پارتانە دەستپێدەکات کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە، ئەمەش قۆناغێکی پێویستە بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی وڵات.

لویس مۆنتینیگرۆ، دوا کەس دەبێت کە سەرۆکی وڵاتەکە لە 20ی ئەم مانگە راوێژی لەگەڵدا بکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button