“ئەهریمەنی دەریا” گەیشتە ئاوەكانی ئیسرائیل

 

زووم
“جیراڵد فۆرد”.. پێشکەوتووترین کەشتی فڕۆکە هەڵگری هێزی دەریایی ئەمریکا زیاتر لە هەفتەیەکە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی فەڵەستین ناوی دەهێنرێت.

هەفتەی رابردوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کرد کەشتییەکە بەرەو ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست دەست بە جوڵە بكات، ئەمڕۆش توانی بگاتە شوێنی مەبەست و لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست واتە نزیک لە سنوورە ئاوییەکانی ئیسرائیل جێگیربوو.

“جیراڵد فۆرد” بە ئەهریمەنی دەریا وەسفدەکرێت، كە هەڵگری چەندین جۆری موشەك و فڕۆکەی جەنگییە، ئەمە جگە لە بوونی نزیكەی پێنج هەزار كەس لە تیمی فڕۆكەوانی و دەریایی و سەربازی لەنێو كەشتییەكەدا.

ئەو کەشتییە بەناوی جیراد فۆڕد 38ـەمین سەرۆکی ئەمریکاوە ناونراوە، بۆ جوڵەكردن پشت بە دوو بزوێنەری جۆری A1B دەبەستێت، كە بە وزەی ئەتۆم كاردەكەن، ئەمەش توانای جوڵەكردنی بێسنووریان لە دەریا و زەریاكان بە كەشتییەكە بەخشیوە.

ئەو كەشتییە زەبەلاحە درێژییەکەی ٣٣٣ و پانییەکەی ٧٨ و بەرزییەکەی ٧٦ مەترە، كە ٤٠ مەتری دەكەوێتە ژێر ئاوەوە، خێراییەکەی دەگاتە زیاتر لە 54 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

دروستكردنی جیراڵد فۆرد ١٣ ملیار دۆلاری تێچووەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش لە ساڵی 2016وە خستوویەتییە خزمەتی سەربازی، تایبەتمەندی تەکنیکی نائاسایی هەیە، بەشێوەیەك سێ‌ سەكۆی بۆ هەڵدانی موشەك هەیە، هەروەها خاوەنی سیستمێكی ڕاداری پێشکەوتووەو چەندین چەكی بەرگریشی تێدا جێگیركراوە.

كەشتییەكە توانای هەڵگرتنی فڕۆكە جەنگییەكانی لە جۆری ئێف 15 و ئێف 16 و تەنانەت ئێف 35یشی هەیە، كە لە یەككاتدا توانای هەڵگرتنی 75 فڕۆكەی هەیە، ئەمە جگە لە بوونی دوو جۆر سیستمی بەرگری مووشەکی دژە فڕۆکەو كەشتی تێدایە، ئەوەش بۆ رێگری لە نزیكبوونەوەی هەر كەشتی و فڕۆكەیەك لێیەوە.

تیمی فۆرد لە چوار هەزار و 539 کەس پێکدێن، کە کەشتییەکە بەڕێوەدەبەن و فڕۆکەکان ئاراستە دەكەن و پارێزگاریشی لێدەکەن، تیمی فڕۆكەوانی كەشتییەكەش لە باشترین فڕۆکەوانە ئەمریکییەکانن، چونکە دەبێت بەردەوام مامەڵە لەگەڵ هەڵسان و نیشتنەوە مەترسیدارەکان لە كەشوهەوا جیاوازەكان بكەن.

جگە لە کەشتی فڕۆکە هەڵگری جیراڵد فۆرد، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی دوایت ئایزنهاوەریش ڕووی لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست کردووە، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی دوو هەفتەدا بگاتە ئیسرائیل، ئەمەشیان بۆ پاڵپشتییە لەو كەشتییە زەبەلاحەی ئەمریكا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button