بایدن: ‌هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەر روودەدات

زووم..

 

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بوو بۆسەر خاکی ئیسرائیل وەک ئەوەی بایدن دەڵێت زوو یان درەنگ هەر روودەدات، سوپای پاسداران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری لە ئاوەکانی گەرووی هورمز راگەیاند.

ژمارەیەک چەکدار بە هێلیکۆپتەر دادەبەزنە سەر کەشتییەک کە ناوی “ئێم ئێس سی ئاریزە”، ئاڵای پورتوگاڵی بەرزکردووەتەوە و لەلایەن کۆمپانیای ” زودیاک ماریتایم” بەرێوەدەبرێت کە بنکە سەرەکیەکەی لە لەندەنە و خاوەنەکەی دەگەرێتەوە بۆ “ئیال عوفەر” کە ملیاردێری ئیسرائیلییە .

کەشتییەکە لە دووری 50 میل لە بەندەری فوجەیرەی ئیماراتییەوە دوور بوو کە دەکەوێتە گەرووی هورمز ئاوەکانی کەنداو بە زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە و رێڕەوێکی سەرەکی کەشتیوانییە و 40%ـی نەوتی جیهانی لێوە تێپەڕدەبێت، سوپای پاسداران دوای دەستبەسەرداگرتنی، کەشتییەکەیان برد بەرەو ئاوە هەرێمایەتییەکانی ئێران.

کۆمپانیای خاوەنی کەشتییەکە پشتڕاستیکردەوە کە 25 سەرنشینی لەسەر بووە و لە ئیماراتەوە بەڕێکەوتووە بەرەو هیندستان.

هەرزوو ئیسرائیل رایگەیاند ئەو هەنگاوە پیشلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە بۆیە دەبێت ئێران سزای بەسەردا بسەپێنرێت.
کۆتایی هەفتەی رابردوو، عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی کرد ئەگەبیانەوێت گەرووی هورمز دادەخەن، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دوای ئەوەی ئیسرائیل باڵیۆزخانەی ئێرانی لە دیمەشق کردەئامانج و چەند فەرماندەیەکی باڵای پاسدارانی کوشت، ئێرانیش رایگەیاند تۆڵەی ئەو هێرشە دەکاتەوە.

بەڵام ئاخۆ ئەمە تۆڵەی ئێرانییەکان بوو بە تایبەت ماوەی سێ رۆژە بەرپرسانی ئەمریکی بە ئاشکرا دەڵێن ئێران دەیەوێت بە مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بکاتەسەر خاکی ئیسرائیل؟

فادی عید، توێژەر و شیکەرەوەی سیاسی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کەناڵی حوڕەی ئەمریکی گوت، ئەمە تەنها ئاماژەیەکە بە دەستپێکردنی وەڵامی تۆڵەسێنی ئێرانییەکان دژی ئیسرائیل.

لای خۆیەوە سەعید شاوری، شارەزا لە ستراتیژیی ئێرانی بە کەناڵەکەی گوتووە، دواکەوتنی تۆڵەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەکردن بە وردی و دروست و دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی هەڵەیەکی کوشندە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button