شەڕە ژمارە

 

لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەیەکدا، خەڵکی کوردستان ژمارەی جیاواز جیاوازیان لەبارەی داهاتی حکومەتەکەیانەوە هاتە بەردەم.

ئۆپۆزسیۆزن شتێکی دەگوت و حکومەتیش شتێکی دیکە، جیاوازیی نێوانیان زۆر بوو، دەگەیشتە ملیاران دۆلار.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستانە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا گوتی، داهاتی کابینەی نۆیەمی حکومەت زیاترە لە 40 ملیار دۆلار.

سەرۆکی نەوەی نوێ، ژمارەکانی رووندەکردەوە، باسی ئەوەی دەکرد داهاتەکان لەکوێوە هاتوون، بۆ نمونە داهاتی نەوتی بە 25 ملیار دۆلار دانابوو.

دەیگوت لەسەردەمی کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە چوار ملیار دۆلار لە بەغداوە هاتووە، ئەمە جگە لە داهاتی ناوخۆ و هاوکاریی هاوپەیمانان.

پاش پێنج رۆژ لەو کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەی سەرۆکی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ گوتەبێژی حکومەتی هەرێم داهاتی کابینەی نۆیەمی لە سێ ساڵی رابردوودا ئاشکراکرد.

ژمارەکەی جوتیار عادلی گوتەبێژی حکومەت، جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ ژمارەکەی ئۆپۆزسیۆندا هەبوو.

جوتیار عادل گوتی لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا داهاتی حکومەتی 46.3 ترلیۆن دینار بووە، کە بە نزیکەیی دەکاتە 31 ملیار دۆلار.

واتە ئەوەی جوتیار عادل دەیڵێت نۆ ملیار دۆلار جیاوازیی هەیە لەگەڵ ژمارەکەی سەرۆکی نەوەی نوێ.

لەم نێوەندەدا رێکخراوی پاسەوان، کە پرۆژەیەکی بۆ راستکردنەوەی زانیاریی و ساغکردنەوەی ساختەهەواڵ هەیە، ژمارەی جیاوازیی لەوبارەیەوە خستبوەڕوو.

تیمی رێکخراوی پاسەوان، کە ئۆفیسی سەرەکییان لە شاری سلێمانییە، بنکۆڵکارییان بۆ داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا.

بەگوێرەی ژمارەکانی پاسەوان، داهاتی کابینەی نۆیەم نزیکبووە لە 26 ملیار دۆلارەوە، واتە جیاوازییەکەی لەگەڵ ژمارەکانی شاسوار عەبدولواحید نزیکەی 14 ملیار دۆلار بووە، ئەمە جگەلەوەی پێنج ملیار دۆلاریش جیاوازیی هەبووە لەگەڵ داتاکانی حکومەت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button