پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەدات

ئەمڕۆ، 18ـى ئەیلول، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لەنێو کارنامەى کۆبوونەوەکەدایە. تاڕادەیەک ئامادەیی بۆ پەسەندکردنى هەیە.

دوای پەسەندكردن و هێنانی دەنگی پێویستیش، وەک یاسا ئاراستەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكرێت و دوای واژووکردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، حکومەت داوا لە وەزارەتەکان دەكات رێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی بگرنەبەر.

بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەگەری تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكە و هێنانی دەنگی پێویست بۆ زووم گوتی، بە دڵنیایی كێشەیەكی وەها نییە لە بەردەم پەسەندكردن و دەنگهێنانی پڕۆژەیاساكە.

بڕیار رەشید گوتیشی، “ماوەیەكە لەگەڵ پەرلەمانتارانی شیعە لەسەر خەتین و هەوڵی زۆرمانداوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساكە وەک ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هاتووە دەنگی لەسەر بكرێت.”

پێشتر بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدرێت، بەڵام بە پاساوی تەواونەبوونی ژمارەی ئامادەبووان دانیشتنەکە نەکرا و بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

لەبارەی دواخستنی ئەو كۆبوونەوەیە، ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، “هەفتەی رابردوو تەنیا گرفتی نەبوونی رێژەی یاسایی بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان هەبوو، بۆیە كۆبوونەوەكە دواخراو هیچ پەیوەندییەكی بە ئەو پرۆژەیاسایە نەبوو.”

پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رۆژی 19ی ئازاری 2023 لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراقه‌وه‌ پەسەند کراوه‌، دواتر رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا بۆ ئه‌وه‌ی پەسەند بكرێت، لەئێستادا پڕۆژه‌یاساكه‌ خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئەمڕۆ وه‌ک 19مین پارێزگای عێراق و چواره‌مین پارێزگای هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمی دانی پێدابنرێت.

بڕیار رەشید لەبارەی ئەو ئیمتیازاتانەی دەدرێت بە پارێزگای هەڵەبجە ئەگەر پەسەند بكرێت گوتی، بە دڵنیایی ئەگەر هەڵەبجە بە فەرمی ببێت بە پارێزگایەكی عێراق، سوود لە هەموو ئەو ئیمتیازات و بودجانە دەبینێت كە بۆ پارێزگاكانی دیکەى عێراق لە بودجە دیاری دەكرێت، بەتایبەتی بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان.

ئه‌گه‌ر به‌ پارێزگابوونی هەڵەبجە دەنگی پێویست بهێنێت و پەسەند بكرێت، ده‌بێته‌ بچووكترین پارێزگا له‌ عێراق و هەرێمی كوردستانیش، كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 135 هه‌زار كه‌سه‌ و رووبەرەکەی هەزار و 599 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.

هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ رۆژی 13ی ئازاری 2013 لەلایەن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بە فەرمی کرایە چوارەم پارێزگای ھەرێم كە پێشتر رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆكی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کردبوو، بەڵام ناکۆکی نێوان شیعەکان و سوننەکان لەلایەک و هەولێر و بەغداد لەلایەکی دیکە بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی تازە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button