هەوڵێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان

هەفتەی داهاتوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغداد

زووم:
ماوەیەک بوو پرسی کۆتای پێکهاتەکان پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خامۆش ببوو، قسەکان زیاتر لەسەر سەرنج و تێبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، بەڵام دووبارە پرسی پێکهاتەکان هاتەوە بەرباس.

ئەمجارە بابەتی پێکهاتەکان بە بەهێزی گەڕاوەتەوە نێو کۆبوونەوە و ئەجێندای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی لەگەڵ پاتریاك مارئاوای سێیەم، پاتریاكی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان، بە دەرفەت زانی دووبارە باسی پرسی کۆتای پێکهاتەکان بکاتەوە.

مەسعود بارزانی، بڕیاری دادگای فیدراڵیی بۆ نەهێشتنی کۆتاکان بە نادەستووری و هەڵە ناوبرد، گوتوویەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان بێ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و بێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نیە بەشداریی هەڵبژاردن بكات، چونکە بارزانی پێیوایە، بێبەشكردنی پێكهاتەكان لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلی کوردستان.

هاوکات لەگەڵ ئەم گوتانەی بارزانی، مونا قەهوەچی سکرتێری پێشووی پارتی چاکسازیی تورکمان باس لە هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەری کێشەی کورسی پێکهاتەکان.

هەرچەندە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایین، بەڵام هێشتا پارتی و پێکهاتەکان هیوای ئەوەیان هەیە دەرفەتی هەمواریان هەبێت، یاخود بوارێک هەبێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی عێراق لەسەر تێبینییەکانی دیکەی پارتی لە بارەی هەڵبژاردن.

لەو چوارچێوەیەدا، وەک ئەوەی دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەپێشینەی کارەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و بەم نزیکانە نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغداد و بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button