پارێزگاری بانکی ناوەندی: لەگەڵ قاچاغچییەکانی دۆلار لە جەنگداین

زووم، رۆیتەرز

عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت، حکومەت هەنگاوی “گەورە”ـی ناوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ رێگرى لە بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى وڵات.

عەلی عەللاق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز گوتى، “روبەڕوى شەڕێکى سەخ بووینەتەوە، سیستمێکى بانکیمان هەیە خەڵکى پێی رانەهاتووە، چاودێرییەکی توندى قاچاغچییە بەردەوامەکانی دراو دەکەین”.

ئەو دەڵێت، لە راستیدا ئەمە جەنگە، چونکە ئەو کەسانەی بەرژەوەندییان لەم دۆخەدایە و ئەوانەی بەهۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە چەندین لاوە هەوڵدەدن لە چالاکییە نایاساییەکانیان بەردەوام بن.

لە مانگى تشرینى دووەمى 2012ـەوە رێکارەکانى بانکى فیدراڵى ئەمریکا و بانکى ناوەندى عێراق توندکران، رۆیتەرز پرسیارى لە پارێزگارى بانکى ناوەندى کە ئامارێکی لایەن پێش رێکارەکان بڕى چەند دۆلار براوەتە ئێران، عەلی عەللاق، بێ ئەوەى ئاماژە بە ناوى ئێران بدات رایگەیاند، “هیچ ئامارێکم لەبەردەستدا نییە”.

رێکارەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئێران، بابەتی زۆر هەستیارن لە وڵاتێکی وەک عێراق، کە بەزۆری وەک بەرەی پێشەوەی جەنگ سەیری کراوە لە بەربەرەکانێی نێوان واشنتن و تاراندا.

رۆیتەرز دەڵێت، حکومەتی عێراق بەتەواوی دەیەوێت واشنتن دڵنیابێتەوە داهاتی نەوتی عێراق و بەتایبەتى داهاتى نەوتى روبەڕووی رەخنە نەبنەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق بە پشتیوانی ‌هێزە لایەنگیرەکانی ئێرانەوە دروستبووە، ناتوانێت خۆیان لێ بێبەریی بکات و پشتیان تێبکات.

ئەمەش نیگەرانی زۆری بەرپرسانی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئەمریکا بەوە تۆمەتباردەکەن دەستوەردەداتە کاروبارەکانی ناوخۆی وڵات و بەهۆیەوە قەیرانی دراوی لە وەڵتەکەدا دروستکردووە. بەهۆی ئەمەشەوە بازرگانەکان یان بەدەست رێکارەکانەوە دەناڵێنن یان نایانەوێت پابەندیان بن بەو رێکارانەی بەدەستهێنانی دۆلار لە رێگەی فەرمیی قورس کردووە و بەناچاریی پەنا بۆ دوکانەکان دەبەن، ئەمەش بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاردا دادەبەزێنێت.

عەللاق رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق زیاتر لە 100 ملیار دۆلار داهاتی هەیە. بەڵام ناتوانێت بە ئازادی دەستبخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی نرخی ئاڵوگۆڕییەکە بهێنێتەخوارەوە، کە هۆکاری سەرەکی ئەمەش بەهۆی سنوردارکردنەکانەوەیە.

مانگی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و یەدەگی فیدراڵیی، 14 بانکی عێراقیان قەدەغەکرد لەوەی مامەڵەکانی حەواڵەکردن بە دۆلار ئەنجام بدەن، ئەم هەنگاوەش بۆ رێگرییکردن بوو لەوەی کە لەرێگەی سیستەمی بانکییی عێراقییەوە دۆلار رەوانەی ئێران بکرێت. لەوبارەیەوە عەللاق رایگەیاند، سزاکانی سەر ئەو بانکانە پەیوەندییان بەو کاتەوە هەبووە کە هێشتا ئەمریکا رێکارەکانی نەسەپاندبوو و بابەتەکە پەیوەندی بە ساڵی رابردووەوەیە.

ئەو گوتیشی، بانکی ناوەندی پێداچوونەوە بە کەرتی بانکی وڵاتەکەیدا دەکات، کە دەبێتە هۆی داخستنی هەندێک بانک لە وڵاتەکەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، “زۆر ئاسایی دەبێت، لە داهاتوودا ژمارەی بەشێک لە بانکە تایبەتەکانی عێراق بەرەو کەمبوونەوە بڕوات.”

لە سەرەتادا بەهۆی داواکردنی زانیاریی ورد لەسەر لایەنی وەرگریی ئەو دۆلارانەی حەواڵەی دەرەوەی عێراق دەکرێت، کە بەشێکە لەو رێکارە توندانەی ئەمریکا، ئەمریکا رەزامەندیی تەنها لەسەر 20% مامەڵەکان دەدا، بەڵام بەهۆی رێکاری تازەوە لە ئیستادا ئەو ژمارەیە بۆ 85% بەرزبووەتەوە.

عەللاق ئاماژەی بەوەشکردووە رێوشوێنە توندەکان و پلانەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەرەوپێشبردنی پارەدانی دیجیتاڵی دەبێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئابوری عێراقدا کە تێیدا مامەڵەکردن بە پارەی کاش لە ئاستێکی بەرزدایە و هێشتا زۆرینەی خەڵکی هەژماریی بانکییان نییە.

دەشڵێت، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی رێکخستنەوەی کاری بازرگانی و جوڵەی پارە، هەروەها کۆنترۆڵی سەرجەم مامەڵە گوماناوییەکان ئاسانتر دەبێت.

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button