سودانی: بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار کاتییە

"لە کەسى قبوڵ ناکەین شتومەک گران بکات"

زووم:

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دواى چەند کاتژمێرێک لە بڕیارى دورخستەوەى پارێزگارى بانکى ناوەندى، جەختی چارەسەرکردنى دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار کردەوە و گوتى ئەمەى ئێستا کاتییە.

سودانی لەکاتى راگەیاندنی سەبەتەی خۆراکی تایبەت بەو کەسانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە گوتی، کاری لە پێشینەی حکومەت بەرەنگاربوونەوەی هەژارییە و هەنگاومان بۆ کەمکردنەوەی هەژاری لەوبارەیەوە ناوە.

دابەزینى بەهاى دینار بڕیاری حکومەت نەبووە

ئەو لەبارەى دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار رایگەیاند، هەندێک کەس دابەزینى بەهاى دینار و بەرزبوونەوەی بەهاى دۆلاریان بە هەل زانیوە و نرخی شتومەکیان گران کردووە.

سودانى رایگەیاند، دابەزینى بەهاى دینار بڕیاری حکومەت نەبووە، بەڵکو رێککەوتنی نێوان دامەزراوە داراییەکان و بانکی ناوەندییە.

سودانی هاوڵاتیانی دڵنیاکردەوە، گرانبوونی بازاڕ کاتییە، حکومەت کار لەسەر پاراستنی سامانی گشتی دەکات لەگەڵ رێگریکردن لە “دزینی” پارە و پارە سپیکردنەوە.

بەگوتەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، حکومەت توانای دارایی، کارگێڕی و یاسایی هەیە بۆ ئەوەی نرخی بازار دابەزێنێت و هەر بەرهەمێک دابین بکات کە لە بازاڕ کەمە. دەشڵێت “لە کەسی قبوڵ ناکەین دەستت ببات بۆ قوتی هاوڵاتیان جا لایەنی فەرمی بێت یا نا فەرمی”.

حکومەت دەتوانێت هەر بەرهەمێک دابین بکات کە لە بازاڕ کەمە

سودانی گوتى، وڵات لە باشترین دۆخی داراییدایە، یاسا دژ بەو کەسانە دەرچوە کە یاری بە بازاڕ دەکەن، بازرگانی نیشتیمانیمان هەیە کە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی بەرهەمە خۆراکییەکان دەهێننە بازار و رێگری دەکەن لە گرانی.

گوتەکانى سودانى دواى بڕیارەکەى هات بۆ دورخستنەوەى مستەفا غالیب پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق  دانانى عەلى عەللا بە وەکالەت لە جێگەکەى.

بەهۆى دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار پارێزگارى پێشوى بانکى ناوەندى روبەوڕوى رەخنەى زۆر بووە، تاوەکو گەیشت بە لابردنى.

پارێزگارە تازەکەی بانکی ناوەندیی عێراق کێیە؟

هەواڵی زیاتر

Back to top button