راگرتنی هەناردەی نەوتی بازاڕەکانی جیهانی شێواندووە

گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکى، لە راپۆرتێکی شیکاریدا باس لەو کاریگەرییانە دەکات کە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە لەلایەن تورکیاوە لەسەر ناوخۆی هەرێم و بازاڕەکانی جیهان دروستبووە.

گۆڤارەکە باس لەوە دەکات، دوای پێنج مانگ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، تاوەکو ئێستا کاریگەرییە ئابوریی، سیاسی و یاساییەکان بەردەوامن چونکە سەرەڕای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێم هێشتا ملیۆنان بەرمیل نەوت لە بەندەری جەیهاندا گیریان خواردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە راگرتنی نەوتەکە کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهاندا دروستکردووە، چونکە لەدوای شەڕی روسیا و ئۆکراین، یەکێتی ئەوروپا ئاستی هاوردەی نەوتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، وڵاتی ئیتاڵیا رێژەی 13%ی نەوتی خاوی وڵاتەکەی لە عێراقەوە هاوردە دەکرد، کە نیوەی لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ دابیندەکرا. بەڵام لەگەڵ وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەوروپا لە دۆخێکی ناجێگیری سەرچاوەی دابینکردنی وزەدایە و هیچ رێگەچارەیەکی ئاسانیش لە ئێستادا بەردەست نییە.

گۆڤارەکە باس لەوە دەکات کە تەنها ئەوروپا زەرەرمەندی دۆخەکە نییە، بەڵکو پشکی شێری زیانەکان بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە. ئاماژەی بەوەشکردووە درێژەکێشانی دۆخەکە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر زیانی دوو ملیار دۆلاری بە هەرێم گەیاندووە، دەتوانێت ئابوریی هەرێم لەناوببات و ئەگەریی هەیە ببێتە هۆی داڕمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

راپۆرتەکە دەڵێت ئابوریی حکومەتی هەرێم ماوەی چەندین ساڵە روبەڕووی بڕینی بودجە بووەتەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە. ئەگەر دۆخەکە بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی بەهێزی کۆچکردن، لەکاتێکدا دەیان هەزار کوردی عێراقیی پێشتر بۆ ئەوروپا کۆچیانکردووە و دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا زۆر لەوەش زیاتر ببێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، دامەزراوەکانی هەرێم بەهۆی قەیرانی هەناردەی نەوتەکەیەوە بەشێوەیەکی مەجازی پەکیان کەوتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو داڕمانە داراییەی لە کورتهێنانی بودجەی هەرێم و بەغدادا هەیە رەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی کارەساتبار لە ناوچەکەدا، ئەمەش شتێکە کە گروپە چەکدارەکانی وەک داعش رەنگە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بیقۆزنەوە و دۆخەکە هێندەی دیکە ناسەقامگیرتر بێت.

راپۆرتەکە دەشڵێت سەرەڕای رێکەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا کە لە سەرەتای مانگی نیساندا واژۆیانکرد، تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچونێک نییە لەوەی ئەنقەرە کەی دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکاتەوە.

بەگوێرەى راپۆرتەکەی فۆرن پۆلیسی، گەورەترین مەترسیی ئەوەیە کە چی روودەدات ئەگەر هەرێم لەسەروبەندی ناکۆکیی لەسەر بۆری نەوتەکەیەوە بەردەوامبێت لە لەدەستچونی ملیاران دۆلاری داهاتە نەوتییەکانییەوە. راستە بەشێک لە نەوتی هەرێم رەنگە لە ئێرانی دراوسێدا رێگەی خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام لەکۆتاییدا تورکیا پەنا بباتە بەر نەوتی ئێران و روسیا بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خۆی دابینبکات. سەرەنجام رەنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت بە نەوت دەبەستێت، بەرەوداڕمان بچێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی ململانێی بیرۆکراتیی لەنێوان دوو هێزی رکابەریی یەکێتی و پارتی، کە لەکۆتاییشدا ببێت بە شەڕێکی تەواویی ناوخۆیی لە هەرێمەکەدا.

راپۆرتەکە پێشبینی ئەوەشدەکات، ناسەقامگیربوونی هەرێم رەنگە بە تەواوی عێراقدا بڵاو ببێتەوە کە خۆی لەلێواری شەڕی ناوخۆدایە. ساڵی رابردوو ئێران چەندین بارەگای حزبە کوردییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا کردە ئامانج و دەستتێوەردانەکانی تاران لە ناوچەکەدا، ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو ماڵی شیعەی خراپترکردووە. هەربۆیە داڕمانی حکومەتی هەرێم دەبێت هۆی دروستبوونی بۆشاییەک کە ئێران ئاسانتر دەستێوردانەکانی زیاتر بکات و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات و مەترسیی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەکەدا زیاتر بکات.

لە کۆتاییدا، راپۆرتەکە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە بە نیگەرانییەوە لە دۆخەکە بڕوانن. چونکە بەردەوامی ئەمدۆخە تەنها نابێتە هۆی ئەوەی ئەردۆگان دەسەڵاتە سەربازییە تورکییەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە، بەهۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی پەکەکە لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە، بەڵکو پرسیارێکی جددی لەسەر کاریگەریی بڕیارەکانی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە دروستدەکات و گومان دەخاتە سەر ئەوەی تاچەند دادگاکە دەتوانێت ناکۆکیە بەهێزە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە چارەسەر بکات.

هەبۆیە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات، بۆ ئەوەی دۆخەکە ئەو کاریگەرییە خراپانە بەدوای خۆیدا نەهێنێت، تەداخولێکی خێرا، وریا و دیبلۆماتی بکەن بۆئەوەی ناسەقامگیرییەکی حەتمیی کارەستبار لە ناوچەکەدا رونەدات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button