کێبرکێی سودانی و مالیکی جەنگی ساردی لەناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەڵگیرساندووە

سودانی بەرامبەر مالیکی!

چالاکی و جموجوڵی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان بە تەواوی وەستاوە چونکە لەناو خۆیاندا بوون بە دوو بەشەوە، یەکێکیان سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکاتی خۆیدا، ئەوی تریان هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدات و دەیەوێت ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقئەوسەت کە پشتی بە چەند سەرچاوەیەک بەستووە.

بڕیارە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت، ئەوەش یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە دوای نیسانی 2013، پێش ئەویش لە ساڵی 2009 ئەنجام دراوە.

رۆژنامەکە لە زاری ئەو سەرچاوە ئاگادارانەوە باس لە دروستبوونی ناکۆکی و کێشمەکێشێکی قوڵی ناوخۆیی نێوان لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بەهۆی هەوڵی چەند لایەنێک بۆ دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە پشتگیری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن.

هۆکاری ناکۆکییەکەش ئەوەیە کە ئەو لایەنانە، بە تایبەت عەسائیبی ئەهلی حەق، پێداچوونەوەیان بە حساباتی هەڵبژاردنی خۆیان کردووەتەوە و پلانەکانیان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی وەستاندووە، چونکە پێیان وایە دەبێتەهۆی سنوردارکردنی هەژموونی سودانی کە هاوپەیمانی خۆیانە و لایەنە رکابەرەکانی تری شیعە کۆنتڕۆڵی چەند پارێزگایەکی تر دەکەن، بۆیە ئەو لایەنانە دەیانەوێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبوەشێننەوە و لە جیاتی ئەوەدا، ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدەن.

وا بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردراوەکان پارێزگاری نوێ هەڵبژێرن کە دەسەڵاتی دەرکردن و دانان و پەسەندکردنی پلانی خەرجکردنی بودجەی داراییان هەیە، ئەمەش بەپێی دەستوری ئێستا عێراق.

ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە بەرەی پشتگیری لە سودانی باش دەزانن کە حزبەکەی نوری مالیکی زۆر چاک خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادەکردووە و دەیەوێت کۆنتڕۆڵی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بکات.

دەشڵێن، تیمی هەڵبژاردنی مالیکی چەند ئامانجێکیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاریکردووە، بۆ نمونە مسۆگەرکردنی بەشێکی زۆر لە کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا.

سەرکردەیەک لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی نوری مالیکی بە رۆژنامەی شەرقئەوسەتی گوتووە، “مالیکی رێگە نادات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبوەشێنرێتەوە و سوورە لەسەر ئەنجامدانی لە کاتی خۆیدا.”

هاوپەیمانێتییەکەی مالیکی بڕیاری داوە لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردندا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری بکات و رەتیکردەوە لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی یاخود دەرەوەی چوارچێوەکە هاوپەیمانی بکات.

پێدەچێت ناکۆکی نێوان تیمەکانی مالیکی و سودانی لەسەر هەڵبژاردنەکان لە مانگی ئەیلولی داهاتووەوە پەرەبستێنێت، بەڵام ئەو بەرەی دەیەوێت هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێت لەڕووی سیاسی و یاساییەوە زۆر کار بکات.

هاوکات ئەندامێکی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری پێشبینی دەکات هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، یان لە باشترین حاڵەتدا کشانەوەی مالیکی لە چوارچێوەکە.

ئەو ئەندامەی فەتح کە جەختیکردووەتەوە بەشداری “چەند کۆبوونەوەیەکی گەرمی” لەبارەى هەڵبژاردنەکانەوە کردووە دەڵێت، جەنگێکی سارد لەنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە لەسەر بنەمای کێبرکێی لەسەر نوێنەرایەتیکردنی سیاسیی پێکهاتەی شیعی و پێیان وایە ئێستا و لە غیابی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدردا باشتری دەرفەتە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button