دادگاى بەریتانیا: ناردنى کۆچبەران بۆ رواندا یاساییە

وەزیرى ناوخۆى بەریتانیا: هەوڵى بەزووى جێبەجێکردنى بڕیارەکە دەدەم

دادگاى بەریتانیا بڕیارێکى دەرکرد، کە دژى کۆچبەرانە و لە بەرژەوەندى حکومەتەکەى ریشى سوناکى سەرۆکوەزیرانى وڵاتەکەیە. دادگا ئەمڕۆ بڕیارەکەى دەرکر و دەڵێت، پلانی حکومەت بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ روەندا یاساییە.

دادگاکە هەندێک سەرنجى لەسەر پلانەکە هەیە و دەڵێت، حکومەت بەشێوەیەکی راست و دروست سەیری هەندێک دۆسیە و دۆخی جیاواز و تاکی نەکردووە، بەڵام لە ئەنجامدا بڕیارەکەى لە دژى کۆچبەران دەرکرد و دەڵێت، پلان و بەرنامەکە یاساییە.

پرسی رواندا بووەتە مشتومڕى سەردەمى سێ سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا.

لە نیسانی ئەمساڵدا، ئەوکاتەى بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیران بوو، حکومەتی بەریتانیا گرێبەستێکی بە بەهای 120 ملیۆن پاوەند لەگەڵ رواندا واژۆکرد، بۆ ناردنی کۆچبەرە نایاساییەکان، تاوەکو ئەو کاتەی وەڵامی داواکاریەکەیان بۆ پەنابەری وەردەگرنەوە.

لیز ترەس، مکوڕبوو لەسەر ناردنى کۆچبەران بۆ رواندا

لیز ترەس، کە دواى دەستلەکارکێشاوەى بۆریس جۆنسن بوو بە سەرکوەزیران, ئەویش مکوڕبوو لەسەر ناردنى کۆچبەران بۆ رواندا.

ئەو لەسەردەمى جۆنسندا وەزیرى دەوەرەوەى وڵاتەکەى بوو، بە پشتیوانییەکى سەختى گرێبەستەکەى رواندا ناسراوە، بەڵام تەمەنى لە پۆستى سەرۆکوەزیران، کە تەنها 45 رۆژ بوو، هێندە کەم بوو نەپەرژایە سەر پرسی رواندا.

دواى ترەس، ریشی سوناکی بە رەچەڵەک هیندى، بوو بەسەرۆکوەزیران، ئەو لە سەردەمى بانگەشەوە تاوەکو ئێستاش بەڵێنى رێگرى لە گەیشتنى کۆچبەرانى نایاسایی بۆ وڵاتەکەى دەدات. ئەو ڵاتەى تەنها لەمساڵدا زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەرى نایاسایی لە رێگەى کەناڵى ئینگلیز، لە فەرەنساوە خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکەکەی.

چوار رۆژ پێش ئێستا چوپێک بە 50 کۆچبەرەوە لە کەناڵى ئینگلیز ژێرئاوکەوت و چوار کەسیان خنکان.

چوار کۆچبەر لە کەناڵى ئینگلیز خنکان

با لەسەر بڕیارەکەى ئەمڕۆى دادگاى باڵاى بەریتانیا زیاتر بوەستین.

هەرچەندە بڕیارەکە لە بەرژەوەندى کۆچبەرانى نایاسایی نییە، بەڵام ماناى ئەوە نییە، دەستبەجێ پرۆسەى ناردنیان بۆ رواندا دەستپێدەکات، بەڵکو کاتی پێویستە، چونکە کۆچبەران دەتوانن لە دادگاکانی وڵاتەکە تانە لە بڕیارەکە بدەن.

لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵ، کاتێک حکومەتی بەریتانیا سەرقاڵی ناردنی یەکەم گروپی کۆچبەران بوو بۆ رواندا، دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەستوەردانی کرد و رێکارەکانی راگرت.

ئەوکات دادگا ئەوروپییەکە، داواى لە حکومەتى بەریتانیا کرد لێکۆڵینەوە لە رێكاری ناردنی کۆچبەران بکات و بڕیار لەبارەى یاساییبوونی پرۆسەکە بدات.

بەرپرسانى بەریتانیا و بەتایبەتى پارتى پارێزگاران، کە دەسەڵاتدارن، هەڵگرى دروشمى رێگرین لە گەیشتنى کۆچبەران بە وڵاتەکەیان، ئەوان دەڵێن بەو رێگەیە کۆتایی دەهێنن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە مەبەستیان لەو کەسانەیە، کۆچبەران بە قاچاخ و رێگەى مەترسیدار دەگەیەننە بەریتانیا.

سوێلا براڤێرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پابەندبوونى بە کارپێکردنی سیاسەتی رواندا راگەیاند.

ئەو گوتى، ئێمە هەمیشە پێمان وابووە، کە ئەم سیاسەتە یاساییە و ئەمڕۆش دادگا پشتڕاستی کردەوە.

سوێلا براڤێرمان کۆچبەران زیاتر بێهیوا دەکات، کاتێک دەڵێت، هەوڵدەدەم بە زووترین کات پلانەکە بەرەو پێشەوە ببەم و بەرگری دەکەم لە هەر ئاڵنگارییەک لە پرسەکە بێتە رێگەمان.

رواندا، کە زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر لە بەریتانیاوە دوورە، بەڵام وێنایەکى لاى کۆچبەران دروستکردووە، کە وەک مۆتەکە لەبەرچاویان لاناچێت.

کلێر مۆسێلی، کە دامەزرێنەری یەکێک لە رێکخراوە خێرخوازییەکانى پەیوەست بە پەنابەرانە، بڕیارەکەى بە “نائومێدکەر” ناوهێنا.

ئەو دەڵێت، ئەو کەسانەی تووشی ترسناکییەکانی شەڕ و ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بوون، نابێت روبەڕوی زەبر و زەنگی بێئەندازەی دیپۆرتکردنەوە ببنەوە، کە ناتوانین گەرەنتی سەلامەتییان بکەین.

هەواڵی زیاتر

Back to top button