ئۆکراین هێرشی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە “داگیرکراوەکان”ـی دەستپێکرد

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند: ‌هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین، کە چەندین مانگە چاوەڕوانکراوە، دەستیپێکردووە. ئەمەش لەکاتێکدایە بەشێوەی کرداریی هێرشەکە چەندین هەفتەیە دەستیپێکردووە.

سێرهی کوزان، هاو دامەزرێنەر و سەرۆکی سەنتەری هەماهەنگیی و ئاسایشی ئۆکراین رایگەیاند: قۆناغی هێرشکردن بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرگریی هێزەکانی روسیا دەستیپێکردووە، بۆ ئەوی بزانین تواناکانی “دوژمن” لە چ دۆخێکدایە.

بەبێ ئەوەی ناوی هیچ شارێک بهێنێت، فەرماندەکەی ئۆکراین رایگەیاند هێرشەکانیان لە باشوری ناوچەی زاپۆریژیا دەستپێکردووە.

لەبارەی هێرشەکەوە، پوتین رایگەیاند: “سەربازانی ئۆکراین هیچ ئامانجێکیان لە هیچ روویەکەوە بەدەستنەهێناوە. سوپاس بۆ ورەی سەربازانی روسیا.”

لە بەرامبەردا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکى ئۆکراین لە پەیامێکیدا بۆ سەربازانی وڵاتەکەی گوتى: “ئێمە پاڵەوانێتی ئێوە دەبینین و سوپاسگوزاری هەر خولەکێکی ژیانی ئێوەین.”

لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئۆکراین لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، چەندین هێرشیان لە رۆژهەڵات و باشوری وڵاتەکەیان بەرپەرچداوەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردوو لە ناوچەکانی زاپۆریژیا و دۆنێتسک 13 تانکی ئۆکراینیان تێکشکاندووە.

بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئۆکراین رایگەیاند، کە دۆخی بەرەکانی جەنگ زۆر سەختە و شەری قورس لەنێوان روسیا و ئۆکراین لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتدا هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا هێرشی درۆن و موشەکە ئاسمانییەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرایئن بەردەوامە و شەوی رابردوو بەهۆیانەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە. دوا بەدوای هێرشەکان، ئۆکراین رایگەیاند، چوار لەکۆی شەش موشەک و 10 لەکۆی 16 درۆنی روسیایان تێکشکاندووە.

دەستپێکردنی هێرشی ئۆکراین لەکاتێکدایە کە رۆژی سێشەممەی رابردوو تەقینەوەی بەنداوێکی ئۆکراین سەرنجی جیهانی بەرەوخۆی راکێشا.  روخانی بەنداوەکە بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە هەردوولای روباری دنیپرۆ و لە ماوەیەکی کەمدا روبەری 596 کیلۆمەتر چوارگۆشەی داپۆشی.

سەرەڕای ئەوەی روسیا نکوڵی دەکات بەنداوەکەی تەقاندبێتەوە، روداوەکە پێناچێت رێکەوت بووبێت. بەنداوەکە و ئەو رێگایانەی بەسەر روبارەکەدا تێدەپەڕین، دەرفەتێکی “باشیان” بە هێزەکانی ئۆکراین بەخشیبوو بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەیەوە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی روسیا. شرۆڤەکاران پێیانوایە روسیا بەنداوەکەی تەقاندۆتەوە بۆ ئەوەی هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکراین لە هاوکێشەکاندا بخاتە دەرەوە.

دوا بەدوای ئەوەی ئۆکراین داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد کە چەکی بۆ دابین بکەن، لە ئێستادا تانکەکانی رۆژئاوا لە بەرەکانی جەنگدان. بەڵام بەهۆی ئەوەی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین بەهۆی وەرزی زستانەوە دواکەوت، روسیا توانی لەو ماوەیەدا زیاتر هێزەکانی خۆی رێک بخاتەوە و سیستمی بەرگرییەکەی بەهێزتر بکاتەوە.

لە ئێستادا رەنگە وڵاتانی رۆژئاوا بیرلەوە بکەنەوە کە ئۆکراین بتوانێت هێزەکانی روسیا لە وڵاتەکەیدا بکاتە دەرەوە. بەڵام ئەمە تەنها یەک دیوی ئەنجامی شەڕەکە دەبێت. روسیا یەکێکە لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ بردنەوەی شەڕەکە.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button