لە “سەرکوتکردنى” بزوتنەوەى سەوزەوە بۆ فەرماندەى گشتى پۆلیسى ئێران

ئەمریکا خستوویەتییە لیستى سزاکانییەوە

زووم، ئاژانسەکان:

ئەمڕۆ شەممە، عەلى خامنەیی، رابەرى باڵاى شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى ئێران، فەرماندەیەکى نوێى بۆ پۆلیسى ئێران هەڵبژارد، پاشئەوەى فەرماندەى ئێستا ماوەى ئەرکەکەى تەواو بوو، ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەى کە چەند مانگێکە لە پاش مەرگى ژینا ئەمینى، کچە کوردى شارى سەقزى رۆژهەڵاتى کوردستان دەستیپێکردووە.

عەلى خامنەیی، خاوەنى قسەى یەکلاکەرەوە لە سیاسەتە باڵاکانى وڵاتەکەى و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ شەممە 7ى کانوونى دووەمى 2023 ئەحمەد رەزا رادانی وەکو فەرماندەى گشتى پۆلیسى ئێران لە جێگەى حسێن ئەشتەرى هەڵبژارد کە لە ساڵى 2015ەوە لە پۆستەکە دەستبەکاربووە.

خامنەیی بۆ رادان: هیوادارم رەزامەندى خودا و خەڵکى ئێران بەدەستبهێنیت

میدیا فەرمییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران نامەیەکى خامنەییان بەو بۆنەیەوە بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هیواى خواستووە، فەرماندەى نوێى پۆلیسى ئێران “رەزامەندى خودا و خەڵکى ئێران بەدەستبهێنێت لە پاراستنى ئاسایش و ئارامى خەڵک و بەرەوپێشبردنى تواناى دامەزراوەکانى پۆلیس”.

ئەحمەد رەزا رادان کێیە؟

فەرماندەى نوێى پۆلیسى ئێران، لە ساڵى 1963 لەدایکبووە، ساڵانى هەشتاکان وەکو خۆبەخش لە رێگەى هێزەکانى “بەسیج”ەوە ژیانى سەربازیی دەستپێکردووە و پاشان لە سەردەمى جەنگى عێراق ئێراندا ئەرکەکەى گواستراوەتەوە بۆ نێو سوپاى پاسداران.

پاش جەنگ، لەنێو هێزەکانى پۆلیس دەستبەکاربووە و لە نێوان ساڵانى 1997 بۆ 2000 لە فەرماندەیی پۆلیسى پارێزگاى کوردستان (سنە) ئەرکى بینیوە، دواتر لە نێوان ساڵانى 2000 بۆ 2004 بووەتە فەرماندەى پۆلیسى پارێزگاکانى سیستان و بەلوچستان و خوراسان.

ساڵى 2006 وەکو فەرماندەى پۆلیسى تارانى پایتەخت دیاریکراوە و دوو ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە، لە نێوان ساڵانى 2008 تاوەکو 2014 بووەتە جێگرى فەرماندەى گشتى پۆلیسى ئێران.

سەرکوتکردنى بزوتنەوەى سەوز و سزادانى لەلایەن ئەمریکاوە

ساڵى 2010 وەزارەتى خەزێنەى ئەمریکا، ئەحمەد رەزا رادانى خستە نێو لیستى سزاکانییەوە بەهۆى رۆڵى لە “پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ” لە پەراوێزى ناڕەزایەتییەکانى ساڵى 2009ى ئێران.

ناڕەزایەتییەکانى ساڵى 2009 کە بە “بزتنەوەى سەوز” ناسراوە، پاش هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئێران سەریهەڵدا کە مەحمود ئەحمەدى نەژاد وەکو براوەى هەڵبژاردنەکە راگەیەنراو و بۆ جارى دووەم بووەوە بە سەرۆککۆمارى ئێران، بەڵام لایەنگرانى میرحسێن موسەویی ئەنجامەکەیان رەتکردەوە.

میرحسێن موسەویی لە هەڵبژاردنەکەدا کاندیدى ئۆپۆزسیۆن و بەرەى “ریفۆرمخوازەکان” بوو، پاش راگەیەندنى ئەنجامەکان و ناساندنى مەحمود ئەحمەدى نەژاد وەکو براوەى هەڵبژاردنەکە، نزیکەى پێنج ملیۆن کەس لە لایەنگرانى موسەویی و ئۆپۆزسیۆن رژانە سەر شەقامەکانى تاران و دروشمەکانى “کوا دەنگەکەم؟” و “ئەى دیکتاتۆر کێ دەنگەکەمى دزى؟”یان بەرزکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێرانیان بە ساختەکاریی لە بەرژەوەندى نەژاد تۆمەتبارکرد.

دەسەڵاتدارانى ئێران بە رەتکردنەوەى تۆمەتى ساختەکاریی و ئەنجامدانى هەڵمەتێکى فراوانى دەستگیرکردن و لێدان و بریندارکردن، وەڵامى ناڕەزایەتییەکانیان دایەوە، سەدان کەس لە سەرکردەکانى ئۆپۆزسیۆن دەستگیرکران، هەروەها دیارترین سەرکردەکانى بزوتنەوەکە وەکو میرحسێن موسەویی و مەهدى کەڕوبى و محەمەد خاتەمى، سەرۆکى پێشووترى ئێران، لە ماڵەکانى خۆیان دەستبەسەرکران و رێگەى هەموو جۆرە جموجۆڵێکى سیاسیی و میدیاییان لێگیرا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button